گوتەبێژی هۆزە عەرەبەکان داوا دەکا سەرۆک بارزانی خواستەکانیان بە بەغدا بگەیەنێت
شێخ موزاحم ئەلحوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ”سەردانێکی مێژووییە“ و داوای کرد لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، رەوشی عەرەبە سوننەکان و ”مەینەتییەکان“یان باس بکات و لە خراپیی رەوشیان ئاگاداریان بکاتەوە.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان وەکوو هۆزە عەرەبەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، هیوا دەخوازن کە سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا جەخت لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، چونکە ”بەبێ گەڕانەوەی پێشمەرگە، زۆرێک لە عەرەبە سوننەکان بۆ زێدی خۆیان ناگەڕێنەوە“.
بە بڕوای موزاحم حوێت، ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی ”بە هەموو پێوەرەکان سەردانێکی مێژووییە“ و تیرێکیشە لەوانەی کە دەیانەویست پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر تێک بچێت.
باسنیوز
