جێگری پارێزگاری نەینەوا: هێشتا مەترسیی داعش لە شارەكەدا ماوە

	 جێگری پارێزگاری نەینەوا: هێشتا مەترسیی داعش لە شارەكەدا ماوە
جێگری پارێزگاری نەینەوا، لە بارەی هەڕەشەكانی داعش و مەترسی بۆ سەر شارەكەیان و دووبارە خۆڕێكخستنەوەیان، هۆشداری دەدات.

لەم دواییانەدا، داعش لە چەند شوێنیك چەندین كردەی تیرۆریستیی ئەنجام دا، لەو بارەیەوە شارەزایان و پسپۆڕانی سەربازی پێیان وایە، داعش تەنیا بە ناو نەماوە، بەڵكوو هێشتا مەترسییان لەسەر چەندین شوێن ماوە.

لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەبدولقادر شنگالی ڕایگەیاند: "زانیماریمان هەیە داعش لە خۆڕێكخستنەوەدایە و هێشتا مەترسیی ماوە بۆ سەر پارێزگاكە و دەبێ هەوڵێكی جیددی هەبێت بۆ نەهێشتنیان، بەر لەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە".

جێگری پارێزگاری نەینەوا، هەروەها ئاماژەیشی دا، لە چەندین شوێن شانە نووستەوەكان هەن و لە دوای نەمانی داعش چەند گرووپێكی دیكە و بە چەندین ناوی جیاواز، خۆیان ڕێك دەخەنەوە.

هەرچەندە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، نەمانی یەكجاریی داعشی لە عێراق ڕایگەیاندبوو، بەڵام وەك سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق دەڵێن، تا ئێستا داعش كۆتایی نەهاتووە، چونكە لە چەندین شوێن جموجۆڵیان هەیە و چالاكی دەكەن".

فەرماندە سەربازییەكانی پێشمەرگەیش ئاماژە بەوە دەكەن، داعش لەو ناوچانەدا سەری هەڵداوەتەوە كە حەشد تێیاندا دەستەڵاتدارە.



پێشتر بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاندبوو كە داعش بە هۆی هەڵەكانی حەشد و حكوومەتی عێراقەوە سەری هەڵداوەتەوە.

هەر لەبارەی ڕەوشی مووسڵەوە، موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر، لە تویتێكدا ڕایگەیاند، مووسڵ لە مەترسیدایە و شانە تیرۆرستییەكان گەشە دەكەن و گوتیشی: "مووسڵ ئازاد بكەن"
KDP-
Top