مەسرور بارزانی داوای پەیوەندییەکی بەهێزی هەولێر و کیێڤ دەکات
بەپێی راگەیەندراوێک، ئەمڕۆ چوارشەممە 21/11/2018، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڤیکتۆر نیدۆپاس، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری، کردووە.
لە کۆبوونەوەیەکدا، مسرور بارزانی و ڤیکتۆر نیدۆپاس تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئۆکرانیایان کردووە و جەختیان لە فراوانکردنی ئەو پەیوەندییانە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی و وەبەرھێناندا کردووەتەوە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی ھیوای بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەولێر و کیێڤی خواستووە و ھانی باڵیۆزی ئۆکرانیایداوە کار بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی بەھێز بکات، کە لەبەرژەوەندی ھەردوولادا بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە و مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، ”چاومان لەوەیە قۆناغی سەخت و دژواری پەیوەندییەکان تێپەڕێت“ و لە چوارچێوەی دەستوور و هابەشیی راستەقینە، عێراق بەڕێوە ببردرێت.
باسنيوز
