قایمقامی ھەولێر: بنیاتنانەوەی بازاڕی لەنگە زیاتر لە 10 ملیار دیناری تێ دەچێت

 قایمقامی ھەولێر: بنیاتنانەوەی بازاڕی لەنگە زیاتر لە 10 ملیار دیناری تێ دەچێت
قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، بنیاتنانەوەی بازاڕی لەنگە زیاتر لە 10 ملیار دیناری عێراقی تێ دەچێت، دەشڵێت: "بەھیواین لە زووترین کاتدا کارەکانی تەواو بکرێت“.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر ڕايگەیاند: ”بازاڕەکە بە پێی سیستەمێکی ئەندازیاری دروست دەکرێتەوە، پەلەش لە کارەکانیدا دەکرێت، بەھیواین لە زووترین کاتدا کارەکانی تەواو بکرێت“.

گوتیشی: ”ئەو بڕە پارەیەی بازاڕەکەی پێ بنیات دەنرێتەوە، وا مەزەندە دەکرێت کە زیاتر لە 10 ملیار دینار بێت“.

قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر ئەوەی خستە ڕوو، کە ئێستا سیستەمە کۆنەکەی پاسەوانی بازاڕەکە لابراوە، بەڵام ئەنجومەنی بازاڕەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی سکیوریتی گرێبەستیان کردووە، "ئێمەش بەرنامەمان ھەیە کە بۆ ھەموو بازاڕەکانی شاری ھەولێر کۆمپانیاکانی سکیوریتی ئەرکی پاسەوانیان بگرێتە ئەستۆ".

نەبەز عەبدولحەمید باسی لەوەش کرد: "ئەو زیادەڕەوییانەی لە بازاڕەکەدا ھەبووە و لەسەر شەقامەکانیدا بوون، ناھێڵدرێن، ئەو کەموکوڕیانەش کە ھەبوون، چارەسەر دەکرێن، بۆ ئەوەش تیمەکانی شارەوانی چاودێرییەکانیان چڕتر دەکەنەوە“.

بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە 25/10/2018 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر کەوتەوە، بەھۆی زۆریی ڕێژەی ئاگرەکەوە، زیاتر لە ھەزار دووکان سووتان.











باسنيوز
Top