سەرۆکی زانکۆی کوردستان - ھەولێر: نەخۆشخانەیەکی فێرکاریمان داناوە

 سەرۆکی زانکۆی کوردستان - ھەولێر: نەخۆشخانەیەکی فێرکاریمان داناوە
سەرۆکی زانکۆی کوردستان - ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، سیستەمی وەرگرتنی قوتابی لە زانکۆکەیان سەربەخۆیە و باشترین کوالێتیی قوتابی وەردەگرن.

دکتۆر محەمەد موختار، سەرۆکی زانکۆی کوردستان - ھەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی لەوە کرد، ئەوان زانکۆیەکی سەربەخۆن، لەگەڵ ئەوەشدا سەر بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن، پەیرەوی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەین بەڵام لەسەر کوالێتیی نێودەوڵەتین و ئەو کوالێتییەیان کردووە بە بنچینە.

باسی لەوەش کرد: "سیستەمی وەرگرتنی قوتابی لە زانکۆی کوردستان - ھەولێر سەربەخۆیە، باشترین کوالێتیی قوتابی وەردەگرین، بۆ نموونە: ئەمساڵ دوو ھەزار قوتابی پێشکەشی زانکۆی کوردستانیان کرد، بەڵام 358 قوتابی قبووڵ کران".

سەرۆکی زانکۆی کوردستان - ھەولێر ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم زانکۆیە لە چوار بەش پێک ھاتووە، کە بریتین لە: بەشی پزیشکی، بەشی ئەندازیار، بەشی بەڕێوەبردن و ئابووری، بەشی زانستی کۆمەڵایەتی، ھەر قوتابیەک بە پرۆسەیەکی بەھێز و سەختی ئەنجام داوە، تا مافی خوێندنی وەگرتووە لە زانکۆکەمان"، دەشڵێت: "ئەگەر ھەر قوتابییەک باکگراوندی خوێندنی زانستی لە ئامادەیی و زمانی ئینگلیزی باش نەبێت، ناتوانێت لەو زانکۆیەدا بەردەوام بێت".

دکتۆر محەمەد موختار ئەوەشی خستە ڕوو، بەشی پزیشکییان لەسەر کوالێتیەکی بەریتانی داناوە، بەھۆی ئەوە نەخۆشخانەی فێرکارییان داناوە و ناویان ناوە (نەخۆشخانەی ئەکادیمی)، ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە تاکە زانکۆین لە کوردستان و عێراقدا، کە خاوەنی نەخۆشخانەی خۆمان بین، بەشەکانی دیکەی زانکۆکەشمان بە ھەمان شێوە و کوالێتی بەرێوە دەبرێن".

سەرۆکی زانکۆی کوردستان - ھەولێر داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، کە کاتی ھاتووە ئەوانیش بە ھەمان شێوەی پەیڕەوی سیستەمێکی تایبەت بکەن، "بۆ باشترکردنی شێوە و کوالێتیی خوێندن لە ھەرێمی کوردستاندا".

ڕوونیشی کردەوە: "ئەمرۆ بۆ یەکەمینجار بەشداریمان کرد لە ڕیزبەندیی سەرجەم زانکۆ حکوومی و ئەھلییەکاندا پلەی یەکەممان بەدەست ھێنا، ئەمەش بەھۆی ئەو سیستەم و کوالێتییەی پەیڕەوی دەکەین، ھەروەھا بەردەوام دەبین لە بەرەوپێشچوون".

دکتۆر محەمەد موختار ھەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا گوتی: "بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم زانکۆیە، بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە حەزی کردووە زانکۆیەکی پێشکەوتوو ھەبێت".









باسنيوز
Top