لاهوور جەنگی ٢٥٠ هەزار دۆلار و ١٥ دەمانچە بە عەلی باپیر دەبەخشێت

 لاهوور جەنگی ٢٥٠ هەزار دۆلار و ١٥ دەمانچە بە عەلی باپیر دەبەخشێت
یەکێک لە سەرانی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلار و ١٥ دەمانچە بە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەبەخشێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (وشە) کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی ١١ی ٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لاهوور جەنگی، کەسێکی بەناوی (سەرخێڵ) کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ناردووەتە لای عەلی باپیر و بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلار و ١٥ دەمانچەی پێداوە.

لەمبارەیەشەوە ئاڤان ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەمان ڕۆژنامە، زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە رەت کردووەتەوە، بەڵام دانی بەوەدا ناوە کە ”زۆرجار سیاسەتی حزب وادەخوازێت، کۆبوونەوە نهێنی و دوور لە چاوی میدیا بێت“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکی زۆرە و بە تایبەتیش لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتی کە پاشان عەلی باپیر قورئانی بە خەڵات پێشکەش بە خیانەتکاران کرد، زۆرێک لە لێدوان و هەڵوێستەکانی عەلی باپیر، نزیکە لەو گرووپەی یەکێتی. هەر بۆیە لە ڕۆژی ١٦ی ١١ی ٢٠١٨، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد: “عەلی باپیر و سەرجەم قسەکانی، لە بەرژەوەندیی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی و خیانەتکارانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرە کە ئەو گرووپە لە دژی گەلی کوردستان، یارمەتی داگیرکەر و وڵاتانی دراوسێیان داوە“.








باسنیوز
Top