فراکسیۆنی پارتی پێداگری لەسەر بەرزکردنەوەی پشکی کورد لە بودجەی عێراق دەکات
محەمەد شاکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، پارتی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان ١٧٪ کەمتر نەبێت، لە کاتێکدا بەپێی قەبڵاندنەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ١٤٪ دیاری کراوە، بەڵام ”ئامادەییان تێدایە کە ئەو ڕێژەی ١٤٪یە بەرز بکەنەوە“.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ١٧٪ زیاد بکرێت. ڕوونیشی کردەوە: ”بەشە بودجەی عێراق ١٣٢ تریلیۆن دینارە، بەڵام ئەگەر خەرجیی سیاسی لێ دەربکرێت، ٦٥ تریلیۆن دینار دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر خەرجیی سیادی لە بەشە بودجەی هەرێم دەربکرێت، ئەوا تەنیا ٦-٧٪ی بۆ دەمێنێتەوە“.
دکتۆر محەمەد شاکر ئاماژەشی بەوە کرد کە لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا ٩٠٦ ملیۆن دۆلار بۆ پڕچەککردن و مەشپێکردن و پاڵپشتیی لۆجستیی هێزەکانی عێراق دانراوە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک لە خەرجییە سیادییەکان بۆ پێشمەرگە تەرخان نەکراوە، بۆیە فراکسیۆنی پارتی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە کە لە خەرجیی سیادیدا، پێشمەرگە شایستە داراییەکانی خۆی بۆ تەرخان بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لە هەوڵەکانی یەکسانکردنی مووچەی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی کرد و جەختی کردەوە کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مووچەی ئەو توێژانە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکوو بڕە پارەیەک لە بودجەی ٢٠١٩ بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی تەرخان بکرێت و هەروەها ”شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت“.
باسنیوز
