سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
لە پەیامەکەیدا، کە میدیاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاویان کردووەتەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکانی دژی هەدەپە و دادگاییکردنی ئەو یاسایی نییە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هەروەها رایگەیاندووە، ئەو بەهۆکاری سیاسی دەستگیر کراوە نەک یاسایی و ”هەموو ئەو دادگایانەی دادگایی منیان کرد، پێشێلکاری گەورەیان کردووە“.
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئاماژەی بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە، کە بڕیاری ئازادکردنی دابوو و رایگەیاندووە، بەو بڕیارە سەلمێندرا، کە ”ئەو باڵادەستییەی بە دەستی سیاسەت لەسەر دادگا و دیموکراتی دروستکراوە، ھەڕەشەی گەورە لەسەر ئایندەی کۆمەڵگا و دیموکراتی دەکات“.
سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ماوەی دوو ساڵە ”بەناحەق“ دەستگیر کراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ”باوەڕم بە دیموکراتی و دادپەروەری ھەرگیز لەدەست نەداوە“.
رۆژی سێشەممە 20/11/2018، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ستراسبۆرگ لە فەرەنسا، دوای تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، بڕیاری ئازادکردنی دا.
دوای بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندی ئەو بڕیارە نابێت و دەمیرتاش ئازاد ناکات.
دەمیرتاش لە 11ـی 2016 بەتۆمەتی مەترسی ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی، کە مەبەستی حکوومەتی تورکیا پەکەکەیە، دەستگیر کراوە و لە گرتووخانەی شاری ئێدیرنە لە باکووری رۆژئاوای تورکیا، زیندانی کراوە.
باسنیووز
