هەنگاریا بەڵێنی بەردەوامیی هاوکارییەکانی بە پێشمەرگە دەدات
سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێڕ-مەخمور، کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پێشمەرگە بە فەرمی سەردانی هەنگاریای کردووە، بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، شاندەکەی پێشمەرگە لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگریی هەنگاریا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەو وڵاتە کۆ بووەتەوە.
سیروان بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، ئەوان پەیامی پێشمەرگەیان گەیاندووەتە بەرپرسانی باڵای سەربازیی هەنگاریا و داوایان کردووە لە راهێنان، چارەسەرکردنی بریندارەکان و هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە، بەردەوام بن.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی هەنگاریا بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە هەماهەنگی و هاوکاریکردنی پێشمەرگە و رایانگەیاندووە، ”ئێمە شانازیی بە پێشمەرگە دەکەین، کە لە بری هەموو جیهان، بە سەرکەوتوویی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش کرد“.
سیروان بارزانی هەروەها رایگەیاند، کە ئەوان داوایان لە وەزارەتی بەرگریی هەنگاریا کردووە تیمێکی تەندروستیی سەربازی بۆ کوردستان بنێرن، تاوەکو لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە چارەسەری بریندارەکانی پێشمەرگە بکەن.
دوای هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هەنگاریا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە ناردنی 165 راوێژکاری سەربازی، مەشقکردن بە پێشمەرگە، ناردنی چەک و تەقەمەنی و چارەسەرکردنی بریندارەکانی پێشمەرگە، هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
