رژێمی سووریا بڕیاری داوە نووسینگەیەکی کونسوڵخانە لە ئیدارەی خۆجێیی پەیەدە لە شاری حەسەکە بکاتەوە

  رژێمی سووریا بڕیاری داوە نووسینگەیەکی کونسوڵخانە لە ئیدارەی خۆجێیی پەیەدە لە شاری حەسەکە بکاتەوە
رژێمی سووریا داوای کردنەوەی نووسینگەی کونسوڵخانە لە شارێکی کوردستان دەکات.



بەرپرسێکی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، رۆژی سێشەممە 20/11/2018، رژێمی سووریا بڕیاری داوە و دەسەڵاتدارانی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لە رۆژئاوای کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە.



رژێمی سووریا بڕیاری داوە نووسینگەیەکی کونسوڵخانەی رژێمەکە لە ئیدارەی خۆجێیی پەیەدە لە شاری حەسەکە بکاتەوە و ئەو بڕیارەش دەسەڵاتدارانی خۆجێیی شارەکەی سەرسام کردووە.



ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی رژێمی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، کە نووسینگەی کونسوڵخانەکە بۆ وەرگرتنی ئەو پەیام و بەڵگەنامانەیە، کە لەوێوە بۆ رژێمی سووریا دەنێردرێن یاخود ناردنیانە بۆ دەرەوە.



دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستانـەوە، دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت.



لە مانگی ئاداری ٢٠١١ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.




باسنیوز
Top