عەتا قەرەداخی: دڵسۆزی و خۆنەویستیی خەڵکی سلێمانی ئیستغلال کراوە
ئەو نووسەرە کورد لە بەشێک لە وتارەکەیدا دەنووسێت: "بۆ من شتێکی نامۆ نییە کە قۆناغی دروستبوونی سەرکردەی باڵا لە دوای شێخ مەحموودی حەفیدەوە لە سلێمانی کۆتایی ھاتبێت و چاوەڕوانیی ئەوەش ناکەم بە ئاسانی کەسی سەرۆک یان کاریزمی لە سلێمانیدا دروست ببێت. جۆرێک لە کوێرێتیی جەماوەر، یان گەوجاندنی جەماوەری لە سلێمانیدا ھەیە، کە ئەویش بەھۆی لاوازیی ئاستی ھوشیاریی کۆمەڵایەتییەوەیە و سەرچاوەکەیشی ئیستیغلالکردنی دڵسۆزی و خۆنەویستیی خەڵکەکەیەتی، لەپێناو بەرژەوەندیی تەسکی تاکەکەس، یان دەستە و گرووپ، لەبری بەرژەوەندیی خودی خەڵکەکەی بە پلەی یەکەم و ھەموو کورد لە ئاستی دووەمدا".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی نوخبەی ڕۆشنبیر و کاریزمی لەو شارە دەکات و دەنووسێت: "لە سلێمانی نوخبەیەک لە رۆشنبیری سیاسی ھەبوون و ئێستاش ھەن، کە لە سەرکردایەتیی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانی و پارتی و حزبەکانی تریشدا بەردەوام بوون و ئامادەبوونیان ھەبووە، بەڵام ھیچکام لەو نوخبەیە نەبوونەتە سەرکردەی دیار و کاریزمیی ئەوتۆ، لەسەر شێوەی سەرکردەی کلاسیکی، یان شێوە کاریزمییەکانی وەکوو شێخ مەحموود، یان مەلا مستەفای بارزانی، چونکە سلێمانی وەکوو شار ئەوەی لەدەستچووە کە جارێکی تر سەرکردەی کاریزمی بەرھەم بھێنێت."
عەتا قەردەداغی نووسیویە: "بۆ ماوەیەک ئیبراھیم ئەحمەد و مام جەلال رابەرایەتیی ئەو نوخبە رۆشنبیرەیان کرد لەدژی دەسەڵاتی کەسێتیی کاریزمی مەلا مستەفا، ئەنجامی ئەوەش بەوە شکاوەتەوە، کە ئیبراھیم ئەحمەد لە قۆناغێکدا وەستاوە و رووناکیی مام جەلال، کە زیاتر بنەمای کەسێتییەکی بەھێزی ھەبووە، ئەوی شاردووەتەوە. لە قۆناغی گەشەسەندنی یەکێتیی نیشتمانیشدا، کە کەسێتیی مام جەلال باڵی بەسەردا کێشاوە، مام جەلالیش رۆڵی ھەبووە لە زیاتر دەرخستنی کەسێتیی نەوشیروان مستەفادا، تا لەم قۆناغانەی دواییدا، بە تایبەتی دوای ئەوەی مام جەلال تا ئەندازەیەک دەستبەرداری ململانێی بنەماڵەی بارزانی بوو، نەوشیروان مستەفا وەکوو قوتابییەکی ئیبراھیم ئەحمەد و مام جەلال، رابەریی ئەو ئاراستەی دژایەتیکردنەی بنەماڵەی بارزانی کردووە و توانیوێتی جەماوەرێکی زۆر لەخۆی کۆ بکاتەوە و تەنانەت زۆرینەی ئەو یەکێتییانەشی بە خاوبوونەوەی مام جەلال لە ململانێی بنەماڵەی بارزانی ناڕازی بوون، بوونە شوێنکەوتووی نەوشیروان مستەفا".
لەبارەی سەرھەڵدانی گۆڕان بەناو ئۆپۆزیسیۆن ئاماژە بە ھەندێ خاڵی گرنگ دەکات و دەنووسێت: "دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لەو کاتەدا و لەسەر پاشخانی ئەو ململانێ کۆن و رەگوڕیشەدارە، ئەگەری دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سروشتی لە کوردستان لەبار برد. نەوشیروان مستەفا سواری شەپۆلی ناڕزاییەکانی خەڵک بوو، ڕووبەرێکی فراوان لە خەڵک بوونە شوێنکەوتووی ئەو و بزووتنەوەکەی وەکوو ھەر بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی بۆ ماوەیەکی کەم ھەڵکشا، بەڵام ئاشکرایە ھیچ بزووتنەوە و حزبێک لە کوردستان ناتوانێت بەبێ پرۆژەی نەتەوەیی بۆ ماوەی درێژخایەن پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات".
جەختی کردووەتەوە: "بۆ سەلماندنی ئەوەی کە نەوشیروان مستەفا ھەڵگری ھەمان پەیامەکەی ئیبراھیم ئەحمەد بووە دژ بە بنەماڵەی بارزانی و ھەڵگری ھەمان پرۆژەی مام جەلال بووە دژ بەو بنەماڵەیە، تا ئەوکاتە مام جەلال لەپێناو گەیشتن بە کورسیی سەرۆک کۆماری عێراق وازی لە پرۆژەکەی دژ بە بنەماڵەی بارزانی ھێنا".
عەتا قەرەداخیی نووسەر و ڕووناکبیر لە کۆتایی وتارەکەی دەنووسێت: "ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو کولتوورەی سلێمانی، کە دوای شێخ مەحموود نەیتوانیوە سەرکردەی دیار بەرھەم بھێنێت و ئەوەش وای کردووە، بە تایبەتی لەو کاتەی کورد خۆی باشووری کوردستان بەڕێوە دەبات، سلێمانی لە سەرکردایەتیی باشووری کوردستاندا نەبێت و ھەر بەو پێیەش لە دەرەوەی چەقی بڕیاری باشووری کوردستاندا بێت، ئەگەری ئەوەی ھەیە جارێکی تر بتوانێت بگاتە چەقی بڕیاری ئەم بەشەی کوردستان، یان ھەر بەو جۆرەی ئەم بیست ساڵەی رابردوو بەردەوام لە پەراوێز و لە دەرەوەی چەقی بڕیاردا دەبێت"؟
باسنيوز
