لە سەردانێکی فەرمیدا بەشیر حەداد لەگەڵ ژمارەیەک کوردی کەنەدا کۆ دەبێتەوە

 لە سەردانێکی فەرمیدا بەشیر حەداد لەگەڵ ژمارەیەک کوردی کەنەدا کۆ دەبێتەوە
لە سەردانێکی فەرمیدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە کوردانی کەنەدا کۆ بووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێک، بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێکی فەرمیی پەرلەمانی وڵاتەکە، سەردانی کەنەدای کردووە.

بەشیر حەداد لە دانیشتنێکدا لە شاری هالیفاکس لەگەڵ کوردانی خەڵکی شارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و زاخۆ، کە نیشتەجێی شارەکانی نفسکوشا و هالیفاکسن، تاوتوێی رەوشی ژیانی ئەو هاووڵاتییە کوردانە کراوەتەوە.

لە دانیشتنەکەدا حەداد داوای لە باڵیۆزی عێراق کردووە لە پەیوەندیی بەردەوام دابێت لەگەڵ کوردانی ئەو وڵاتە و ئاسانکاریی تەواویشیان لە جێبەجێکردنی کارەکانیان، بۆ بکات.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێنمایی کوردانی کەنەدای کرد، کە دەست بە کولتور، مێژوو، رۆشنبیری، زمانی کوردی و دابونەریتی دێرینی کوردستانەوە بگرن و لە داهاتووشدا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

بەشیر حەداد جەختی لە پێویستیی هاوکاریکردنی کوردانی ئەو وڵاتە بۆ یەکتر کردووەتەوە و داوای لێکردوون کۆڕبەند و سەنتەری مرۆیی دروست بکەن، بە مەبەستی بەردەوام ئاگاداربوون لە رەوشی ژیان یەکتر.












باسنيوز
Top