دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی دەرکرد
لە دانیشتنێکیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ١١ی ٢٠١٨ لە ستراسبۆرگی فەڕەنسا بەڕێوە چوو، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دوای تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی (هەدەپە)، بڕیاری ئازادکردنی دەرکرد.
لەمبارەیەوە پارێزەری دەمیرتاش دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنەکەی دادگا ڕای گەیاندووە، پێویستە بە زووترین کات دەمیرتاش ئازاد بکرێت.
دادگاکەش دەستگیرکردنی دەمیرتاش بە ناکۆک لەگەڵ یاساکانی تورکیا و یاسا نێودەوڵەتییەکان لێک داوەتەوە.
لە ٤ی ١١ی ٢٠١٦، سەڵاحەدین دەمیرتاش بە تۆمەتی ئەندامێتیی ڕێکخستنی تیرۆر، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر کرا و تاوەکوو ئێستاش پرۆسەی دادگاییکردنی بەبێ بڕیاری کۆتایی بەڕێوە دەچێت و لە زینداندایە.
باسنیوز
