وەزیری ئەوقاف: لە هەولێر جیاوازتر لە هەموو شارەکانی ناوچەکە یادی مەولود دەکرێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 20/11/2018، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە وەکالەت، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە ناو بازاڕی هەولێر، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.)، کە بە مەولود ناسراوە، پیرۆزبایی لە مسوڵمانانی کوردستان کرد.
ساڵانە مسوڵمانانی کوردستان بەبۆنەی یادی مەولود، پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن و شیرینی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکەن و لە شاری هەولێریش بەشێوەیەکی تایبەت ئەو یادە بەرز رادەگیرێ و بۆ ئەمساڵیش، هەزاران کەس لە پارکی شار و سەر قەڵای هەولێر، بە شیرینی دابەشکردن و گردبوونەوە، ئەو یادەیان پیرۆز کرد.
پشتیوان سادق هەروەها رایگەیاند، کە گەلی کوردستان لەناو نیعمەتێکی گەورەی ئەمنی دایە، بەشێوەیەک، مسوڵمانانی کوردستان بە ئازادانە یاد و رێوڕەسمە ئاینییەکانیان بەرز رادەگرن و لە کەم شاری عێراق و ناوچەکە ئەو ئازادییە بەرقەرارە.
هەروەک وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە وەکالەت رایگەیاند، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کوردستان لەچاو عێراق و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکەم شوێنە بۆ ئازادییە ئاینییەکان و هیوای خواست ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەیەی کوردستان بەردەوام بێت و پتەوتر بکرێ.
لەبارەی زۆریی ژمارەی بەشداربووەکانی ئاهەنگی مەولودی لە هەولێر، کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی مسوڵماناندا ئەو یادە لە هەولێر کراوەتەوە، پشتیوان سادق رایگەیاند، بەهۆی ئەو کەشە ئازادییە و بەرقەراربوونی ئاسایش و نەبوونی هەڕەشە لەسەر گەلی کوردستان، ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک بەشدارییان لەو یادەدا کرد.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە وەکالەت ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی رابردوو بەهۆی بوونی هەڕەشەی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانەوە، هاووڵاتییان کەمێک ساردبوون لە بەشداریکردن لەو یادە و بەرزڕاگرتنی.
پشتیوان سادق بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە پردێ، مەحمودیە و سحێلا و تێکشکاندنی پیلانەکانی داگیرکردنی کوردستان، بەهۆکارێک بۆ بوونی ئاسۆیەکی گەش و ئازادی لە کوردستان دانا.
دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە مانگی 10ـی ساڵی 2017، بە سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، شکستیان بە هێرشی میلیشیا عێراقییەکان هێنا، کە ئامانجیان داگیرکردنی کوردستان و نەهێشتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
هەرچەندە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی ئەو یادە بەرز رادەگرن، بەڵام ئەوەی ئاهەنگ و یادەکە لە کوردستان لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی جیا دەکاتەوە، بەشداریکردنی پەیڕەوانی ئاینەکانی مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی و هەموو ئاینەکانی دیکەیە لەو یادە و پیرۆزباییکردنیانە لە مسوڵمانان.
باسنيوز
