مامەڵە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئێرانی لە کوردستان قەدەخە دەکرێت
باقی محەمەد ھادی، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریکا لە قەدەخەکردنی مامەڵە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک ئاگاداریان کردوونەتەوە، گوتی: ”بەرپرسانی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر، کۆبوونەوەیان لەگەڵدا کردین و پێیان راگەیاندین، ئەو کۆمپانیایانەی خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانیان، بە ھیچ جۆرێک نابێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
زیاتر گوتیشی: "بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان راگەیاندین، بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە لەنێو ئابڵووقەکەدا نین، نابێت مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بە دۆلار و تمەن بکەین، بەڵکوو تەنیا بە دینار بێت، بۆ ئەوەش ناوی کۆمپانیاکانمان لە لایە".
روونیشی کردەوە، ئەو کۆمپانیایانەی کە نابێت لە کوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بە سەدان کۆمپانیان، کە تایبەتن بە بواری پیشەسازی و بانک و سەربازی، گوتیشی: "ھەروەھا نابێت بەندەرەکانی ئێران وەکوو بەندەر عەباس بەکار بێت، بۆیە دەبێ بازرگانانی ئێمە کاڵاکان بگوازنەوە بۆ مێرسین و ئوم قەسر، لەوێوە بۆ کوردستانی بگوازنەوە، بەوەش خەرجیی زیاتر دەوەستێت".
باقی ھادی ئاماژەی بەوەش دا، کۆمپانیا ئێرانییەکان لە ھەولێر ژمارەیان کەمە، بەڵام لە سلێمانی زیاترن.
ئاشکراشی کرد، لە سلێمانی زیاتر لە دوو ھەزار ھاوردەکار لە ئێرانەوە کاری بازرگانی دەکەن، بەپێی بڕیاری گەمارۆکەی ئەمریکا، ئەوانە نابێت بە تمەن و دۆلار مامەڵە لەگەڵ بازرگانانی ئێران بکەن.
خولی یەکەمی گەمارۆکانی ئەمەریکا، لە مانگی ٨ـی ئەمساڵدا جێبەجێ کرا و کەرتی بازرگانی و دارایی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج. ئەمەریکا داوای لە وڵاتان کردووە، کاری بازرگانی و گواستنەوەی پارە بۆ ئێران رابگرن، خولی دووەمی گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە ٥ی ١١ دەستی پێ کرد، کە ئابڵووقەکانی توندتر کردووەتەوە.
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: " گرانبوونی ھەندێک کاڵا بەھۆی ئابڵووقەکانی ئێران، رەنگە لە مانگی ٣ی ٢٠١٩ دەربکەوێت، چونکە ئێستا کاڵایەکی زۆر لە بازاڕەکاندا ھەیە".
باسنیوز
