تا حەفتەی داهاتوو مۆڵەت دراوەتە هەولێر و بەغدا لەسەر بوودجە ڕێک بکەون
ئیخلاس سەباح، ئەندامی لیژنەی دارایی و بەشداربووی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ھەردوو لیژنەی داراییی پەرلەمان و لیژنەی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق کۆ بوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک پێشنیار خرانە ڕوو، لەوانە زیادکردنی نرخی بەرمیلی نەوت و بوودجەی پێشمەرگە و داواش کرا، ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنێک بکەن و بیخەنە بەردەم لیژنەکە بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدەن، بۆیە ئەم چەند ڕۆژە دەدرێتە ھەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی ڕێک بکەون و حەفتەی داھاتوو جارێکی دیکە لیژنەکە کۆ دەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدات."
ئیخلاس سەباح گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھیچ کەسێک لاریی نەبوو لەبارەی داواکاریی کوردەوە لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا، بەڵام وا بە باشتر زانرا کە ڕێککەوتنێک بکرێت، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکەن کە ھەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن."
ئیخلاس سەباح گوتیشی: "گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا تا ئێستا ھەر بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تا دەگەنە ڕێککەوتنێک، چونکە چارەکردنی کێشەی پشکی ھەرێم لە بوودجەدا پێویستی بە ڕێککەوتن ھەیە."
kdp-
