ئەبرەشیەی کلدان: دەستڕۆیشتووەکانی عێراق دەست بەسەر موڵکی مەسیحییەکاندا دەگرن

 ئەبرەشیەی کلدان: دەستڕۆیشتووەکانی عێراق دەست بەسەر موڵکی مەسیحییەکاندا دەگرن
سەرکردەیەکی ئاینیی مەسیحی ئاشکرای دەکات، کە کەسە دەستڕۆیشتووەکانی عێراق دەست بەسەر ماڵ و موڵکی مەسیحییەکاندا دەگرن.

مەتران شلیمۆن وەردونی، بەڕێوەبەری ئەبرەشیەی کلدانی لە بەغدای پایتەختی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی، رایگەیاندووە، ماڵ و موڵکی مەسیحییەکان لە بەغدا و نەینەوا بەبێ ئاگاداریی خاوەنەکان، دەدزرێ و لە فەرمانگەکانی حکوومەتی بەاوی دزەکان دەکرێت.

مەتران شلیمۆن وەردونی هەروەها رایگەیاندووە، نزیکەی 350 کەیسیان لایە و کەنیسەی کاسۆلیکی بەدواداچوونیان بۆ دەکات بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ خاوەنەکانیان و کەیسەکان بریتین لە بەڵگەی ساختەکردنی بەڵگەی خاوەندارێتیی خانوو و موڵکەکانی مەسیحییەکان.

ئەو کەسایەتییە ئاینییەی مەسیحییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کێشەکە لە ژمارەی کەیسەکان نییە، بەڵکو کێشە گەورەکە بریتییە لەوەی، بەشێوەیەکی نایاسایی دەست بەسەر موڵک و ماڵی مەسیحییەکان لە عێراقدا دەگیرێت و ستەمیان لێ دەکرێت.

مەتران شلیمۆن جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دوای بەدواداچوونیان، توانیویانە هەندێ خانوو بۆ خاوەنە مەسیحییەکانیان بگێڕنەوە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو خانووە دەست بەسەرکراوانە، لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووی عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە و نەتوانراوە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

بەهۆی دروستبوونی دەیان میلیشیا و گرووپی ئاینیی توندڕەو، ژیانی مەسیحییەکانی عێراق کەوتووەتە بەر مەترسی و ژمارەیەکی زۆریشیان لە ترسی هەڕەشەی ئەو گرووپانە، پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هێناوە.

لە کوردستان پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد، تورکمان، عەرەب، مەسیحی، مسوڵمان، ئێزدی و هەموو ئاین و نەتەوەکانی دیکە بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەیەکەوە دەژین و بەشداریی خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر دەکەن.










باسنيوز
Top