پەرلەمانتارێکی گۆڕان: کۆمپانیای قەیوانی یەکێتی نەوتی کەرکووکی دەناردە ئێران

 پەرلەمانتارێکی گۆڕان: کۆمپانیای قەیوانی یەکێتی نەوتی کەرکووکی دەناردە ئێران
ئەندامێکی لێژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، کۆمپانیاکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە تاوەکوو ١ی ١١ی ٢٠١٨، نەوتی کەرکووکیان هەناردەی ئێران کردووە.

غالب محەمەد، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، رايگەیاند: "تا ١ی ١١ی ٢٠١٨، نەوتی کەرکووک بە تەنکەر بەرادەیەکی زۆر دەنێردرایە ئێران، بەڵام ئێستا کەم بووەتەوە“.

ئەوەشی دووپات کردەوە کە پێشتر ڕۆژانە ١٥٠ تانکەر نەوت هەناردەی ئێران کراوە و نەوتەکەش لەلایەن کۆمپانیای (قەیوان) هەناردە کراوە کە ”یەکێتی خاوەنیەتی“.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ڕوونی کردەوە کە ئێستا بەهۆی فشارەکان لە دوای سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بە تانکەر بۆ ئێران ”کەمی کردووە“.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک و ناوچەیەکی فراوانی کوردستان کەوتنە دەست میلیشیاکانی عێراق، دواتر سەرکردە باڵاکانی یەکێتی ئەوەیان ئاشکرا کرد کە گرووپێکی نێو حزبەکەیان خیانەتیان کردووە کە ئەوان بە ”کاڵفام و هەرزەکار“ ناویان بردن. پاشان بڕە نەوتێکی زۆر لە سنوورەکانی سلێمانی و گەرمیانەوە بە ئاراستەی ئێران دەستی پێکرد کە چاودێران و بەرپرسانی حکوومی و حزبی ئەم مامەڵە نەوتییەیان بە پاداشتکردنی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەسف دەکرد.










باسنيوز
Top