یەکێتی ڕازی نییە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن پۆستێک بە گۆڕان بدرێت

 یەکێتی ڕازی نییە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن پۆستێک بە گۆڕان بدرێت
لە کاتێکدا بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت کە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن بێت، ئەوان پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن و بە پشکی خۆیان دەزانن، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمە ڕەت دەکاتەوە و پێداگری لەسەر پۆستەکە دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بەرپرسانی گۆڕان ڕایانگەیاندووە کە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتیان دەوێت و ئەگەر بەشداری لە کابینەی نوێدا بکەن، ئەو پۆستە بە شایستەی خۆیان دەزانن.

لە بەرامبەردا لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند: ”ھەرچەندە من نامەوێت بێمە ناو وردەکاریی ئەو بابەتە، بەڵکوو بۆ شاندی دانوستاندنی یەکێتی بەجێ دەھێڵین، بەڵام پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک پشک و ئیستیحقاق ھی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، چونکە ھێزی دووەمین“.

پێشتر هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر سەرۆکی حکوومەت یەک جێگری هەبێت یاخود دوو جێگر، گۆڕان هەر داوای پۆستەکە دەکات. بەڵام لەتیف نێروەیی باس لەوە دەکات کە ئەوان لەگەڵ بوونی دوو جێگر بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا نین و پێیانوایە ”ئەزموونێکی سەرکەوتوو نییە“.












باسنيوز
Top