کەناڵی ئەلعەرەبییە: لە سلێمانی دوو جۆرە ماددەی ھۆشبەر بەرھەم دەھێندرێن

 کەناڵی ئەلعەرەبییە: لە سلێمانی دوو جۆرە ماددەی ھۆشبەر بەرھەم دەھێندرێن
کەناڵێکی عەرەبی دیاردەیەکی مەترسیدار لەنێو قوتابییانی شاری بەسرەی باشووری عێراق ئاشکرا دەکات و ئەوەش ڕادەگەیەنێت کە دوو جۆرە ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێندرێت.

بەپێی زانیارییەکان، کە میدیا عێراقییەکان بڵاوی دەکەنەوە، ژمارەیەکی زۆری قوتابییانی قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکان و زانکۆکان، تووشی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بوون.

لەمبارەیەشەوە ماڵپەڕی (ئەلعەرەبییە) لە زاری حاکم زاملی، سەرکردە لە رەوتی سەدر و پەرلەمانتاری پێشووی عێراقەوە بڵاوی کردووەتەوە، سەرچاوەی سەرەکیی ئەو ماددە ھۆشبەرانەی لە عێراق بڵاو بوونەتەوە، ئێران و ئەفغانستانە.

حاکم زاملی ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو ھەزار و ٦٥٠ کەس بەھۆی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە بەسرە دەستگیر کراون و سزای یاسایی دراون، بەڵام بازرگانەکان دەستگیر ناکرێن، چونکە حزبە سیاسییەکانیان لە پشتە.

ئەو سەرکردەیەی رەوتی سەدر ئاشکرای کردووە، بازرگانێکی عێراق بڕی ٥٠٠ کیلۆگرام ماددەی کۆکاینی لە ئیکوادۆر لەناو بارێکی مۆزدا حەشار دابوو و بارەکە دەستی بەسەردا گیرا، بەڵام ”بە ھەوڵی چەند لایەنێکی سیاسی، بازرگانەکە ئازاد کرا".

مەترسیدارترین ھەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی ماددەی ھۆشبەر بریتییە لە بڵاوکردنەوەی ئەو ماددە ترسناکانە لەناو قوتابییانی کچ لە ناوەندی، ئامادەیی و زانکۆکان، ھەروەک زاملی رایگەیاندووە.

ھەروەک ئەلعەرەبییە لە راپۆرتەکەی بڵاوی کردووەتەوە،، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق ئاشکراشی کردووە، لە پارێزگاکانی (دیالە، قادسییە و میسان) لە عێراق و (سلێمانی) لە ھەرێمی کوردستان، کێڵگە تایبەت کراوەتەوە و تێیدا جۆرەکانی (خەشخاش و قینەب) دەچێندرێن، کە دوو جۆری ترسناکی ماددە ھۆشبەرەکانن.

فەریق روکن رەشید فلەیح، فەرماندەی پۆلیسی بەسرە رایگەیاندووە، %٨٠ـی ماددە ھۆشبەرەکانی شارەکەی لە ئێرانەوە دێن و داواشی لە دەزگای دادوەریی وڵاتەکەی کردووە، سزای بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ئەو ماددانە زیاتر بکەن.










باسنيوز
Top