کچێکی رزگاربوو دەستدرێژییەکانی چەکدارانی داعش دەگێڕێتەوە
لەمیا بەشار، کچە کوردێکی ئێزدییە و دوای داگیرکاریی داعش لە شاری شنگال، لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە هاوشێوەی دەیان کچی دیکەی ناوچەکە، رفێندرا.
لەمیا بەشار لە بەرنامەیەکی کەناڵی (ONE)ی میسری رایگەیاندووە، چەکدارانی داعش بە دڕندانەترین شێوە خەڵکیان ئازار دەدا و دەکوشت.
لەمیا بەشار بە کەناڵەکەی راگەیاندووە، پزیشکێکی سەر بە داعش لەبەر چاوی ئەو دەستدرێژی کردووەتە سەر کچێکی بچووکی تەمەن نۆ ساڵی.
ئەو کچە، کە هاوشێوەی سەدان کچی دیکەی کوردی ئێزدی بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی داعش رزگار کراوە، هەروەها رایگەیاندووە، خۆی و خوشکێکی بچووکی رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە و و دواتریش ئەو چەکدارەی دەستدرێژی کردووەتە سەریان، ئەوانی بەجێ هێشتووە و کچێکی دیکەی ئێزدی بۆ خۆی بردووە.
لەمیا بەشار ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرەتا هەوڵی داوە خۆی بکوژێ تا چیتر سووکایەتییەکانی چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە نەبینێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەکدارەکانی داعش دەست و پێیان بەستووەتەوە، نەیتوانیوە خۆی بکوژێ.
لەمیا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە جگە لە دەستدرێژی، چەکدارانی داعش ماددەی هۆشبەریان بۆ کچەکان دەخستە ناو خواردن و خواردنەوە، بەو مەبەستەی ئالودەی ئەو ماددە ترسناکانە ببن.
جگە لە خۆی، دایک و خوشکێکی لەمیاش لەلایەن ئەو چەکدارانەوە رفێندراون و بە گوتەی لەمیا، تا ئێستا دایک و خوشکەکەی رزگار نەکراونەتەوە.
دوای داگیرکردنی شاری شنگال لە مانگی ئابی 2014، چەکدارانی داعش سەدان کچی ئێزدییان رفاند و لە نێوان خۆیان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکردن و دەستدرێژییان دەکردە سەریان.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
