سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان دوو جێگریان دەبێت
هەرچەندە هەندێك لە سەركردەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەڵێن هێشتا كۆبوونەوەكە بازنەی بیروڕا ئاڵوگۆڕكردنی تێنەپەڕاندووە، بەڵام بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ گۆڕان بە پارتی گوتووە لە حاڵەتی بەشداریكردندا، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتمان دەوێ و بەبێ ئەو پۆستە ئاسان نییە چاوەڕێی بەشداری گۆڕان بكرێ. سەركردەیەكی یەكێتیش دەڵێت ئەگەر پارتی سووربێت لەسەر دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت "یەكێتی قوباد تاڵەبانی ناكاتەوە بە جێگری سەرۆكی حكومەت".
رۆژی 17/11/2018، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانییان كرد و وەك چاوەڕوان دەكرا، سەرەتا لەگەڵ شاندی یەكێتی دەرگای وتووێژەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێیان كردەوە. دواتریش سەردانی گردی زەرگەتەیان كرد و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش كۆبوونەوە.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە گفتوگۆ لەسەر پۆستەكانی حكومەت و پەرلەمان كرابێت و دەڵێ: "سەرەتا باسی بەرنامەی حكومەت كرا، یەكێتی و پارتی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە وەك هێزی یەكەم و دووەم دەبێت كارنامەیەكی پەسەند بۆ حكومەتی نوێ دابنێن و دواتریش یەكێتی بە شاندی پارتی گوتووە، یەكێتی بە مافی خۆی دەزانێ سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و دوو وەزارەتی سیادی لەدەست بێ".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە كە ئەو پۆستانەی داوای دەكەن، بۆ ئەوە بێ وا لە گۆڕان بكەن بەشداری لە حكومەتی نوێدا نەكات: "ئەوە داواكاریی یەكێتین، گۆڕانیش دەتوانێ لە وتووێژەكانیدا داخوازی خۆی هەبێت، بەڵام گۆڕان دەبێ ئەوەش بزانێ كە جیاوازیی كورسییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیوەیە و هێشتا گفتوگۆی دیكە ماون بكرێن".
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێ، لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ پارتی جەختیان كردووەتەوە كە چۆن بتوانن لە هەڵەكانی رابردوو سوود وەربگرن و لە كابینەی نوێدا لەسەر بنەمای كاری هاوبەش خزمەتی هاووڵاتیان بكەن "وەكو یەكێتی ڤیتۆمان لەسەر هیچ كەس و لایەنێك نییە و ئەوانەی دەیانەوێت بەشداریی لە كابینەی نۆیەم بكەن، بەخێربێن".
گوتەبێژی یەكێتی هەروەها گوتی لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستەكان كێشەی گەورەیان نەبووە "دەبێ بزانن كە ئێمە لەسەر بنەمای هاوبەشی دەچینە نێو حكومەت نەك بەشداركردنمان".
بەڵام وردەكارییەكان قسەی دیكە دەكەن و وا دەردەكەوێ كە پێكهێنانی كابینەی نوێ وا ئاسان نابێت كە هەندێك لە بەرپرسانی پارتی لە سەرەتاوە بە پشتبەستن بە 45 كورسییەكەیان پێشبینییان كردبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی یەكێتییەوە دەستكەوتوون، ئەو حیزبە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی پێشوودا لەگەڵ پارتی، چەند جارێك جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت، ناوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ناوخۆیان بردووە، بەڵام پارتی پێیگوتوون كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لای خۆی دەمێنێتەوە و لە بەرامبەر وەزارەتی ناوخۆشدا، ئامادەیە وەزارەتی پێشمەرگە بداتە یەكێتی، بەڵام ئەو وردەكارییانە هێڵراونەتەوە بۆ گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان. بەرپرسێكی یەكێتی وردەكاری زیاتری ئاشكرا كرد و گوتی: "یەكێتی، قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت و رێواز فایەقی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاری كردووە، بەڵام ئەگەر پارتی سوور بێت لەسەر ئەوەی حكومەت دوو جێگری هەبێت، قوباد تاڵەبانی لەو شوێنە دانانێ".
بەڵام (رووداو) زانیویەتی، باڵەكانی یەكێتی ناكۆكن لەسەر دانانی جێگری سەرۆكی حكومەت.
بنەماڵەی تاڵەبانی پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە قوباد تاڵەبانی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
هەرچی باڵی كۆسرەت رەسوڵە كە ئێستا لەگەڵ لاهور تاڵەبانی لە هەندێك مەسەلەدا هاوهەڵوێستن، دەیانەوێ كوڕی كۆسرەت رەسوڵ عەلی ببێتە جێگری سەرۆكوەزیران.
رۆژی شەشی ئەم مانگە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەمین دانیشتنی خۆی ساز كرد. لەبەر ئەوەی هێشتا لایەنەكان نەیانتوانیبوو بە رێككەوتنێك بگەن بۆ دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمانتاران لەو كۆبوونەوەیەدا تەنیا سوێندی یاساییان خوارد و كۆبوونەوەكە بەكراوەیی ماوەتەوە تاوەكو لایەنە براوەكان رێكدەكەون.
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیشتنەكەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بە بەرپرسانی گۆڕانیان گوتووە، بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی نوێدا بۆ خۆی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێیە لە پەیوەندییەكان "پێمانخۆشە ئەم قۆناغە پێكەوە تێپەڕێنین". ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان هەروەها دەڵێ: لەدوای كۆبوونەوەكە لەگەڵ پارتی، بزووتنەوەكەیان دەستیكردووە بە وەرگرتنی بیروڕای رایەڵە و بازنەكان و بۆیان رووندەكاتەوە كە بۆچی دەیانەوێ بەشداریی حكومەت بكەن "بە پارتیمان گوتووە پێویستە پێش ئەوەی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی رێكبخرێ، پێمان بڵێن گۆڕان چی لە حكومەتدا پێدەدرێ، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی جڤاتدا بڵێین ئەگەر بەشداریی لە حكومەت بكەین، ئەوە وەردەگرین".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی كە هێشتا نازانێ كەی كۆبوونەوەی جڤات رێكدەخرێ، دەڵێ گرێكوێرەی بەردەم بڕیاری كۆتایی گۆڕان جڤاتی نیشتمانییە "ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیار بدات بەشداریی بكەین، ئەوكات رەنگە بە وەرگرتنی 3 وەزارەت، ئەگەر جێگری سەرۆكی حكومەتیشمان پێنەدرێ، بەشداریی بكەین".
شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند "دانیشتنێكی تێروتەسەلمان كرد، برایانی پارتی ویستی خۆیان دەربڕی كە ئەوان پێیانخۆشە بزووتنەوەی گۆڕان بەشداربێت لە حكومەت.
هەردوولامان بیروڕامان گۆڕییەوە و لەباری سەرنج و تێبییەكانی یەكدی تێگەیشتین. ئەم كۆبوونەوەیە كۆبوونەوەی دیكەی بەدوادا دێت بۆ ئەوەی بە ئەنجامێك بگەین لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت".
هەر لەوبارەوە نووری حەمەعەلی ئەندامی سەركردایەتی پارتی گوتی، یەكێتی لەڕێی گوتەبێژی حیزبەكەیەوە بەشێوەیەك قسە دەكات كە یەكێتی چاوی لە 50 بە 50 بێت لە دابەشكردنی پۆستەكاندا :"بەڵام دەنگدەری پارتی ئەوە قبوڵ ناكەن".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی بەدووری زانی كە پێداگیریی یەكێتی و گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، پێكهێنانی كابینەی نوێ ئاڵۆز بكات و گوتیشی: "سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان دوو جێگریان دەبێت، لەم كابینەیەدا پارتی توركمان و مەسیحییەكانیش رازی دەكات و جێگرێكی سەرۆكی پەرلەمان دەدرێتە توركمان و یەكێتیش رازی دەبێت بە دوو جێگر بۆ سەرۆكایەتییەكان".
بەرپرسانی پارتی ئەو سەردانەی سلێمانی ناودەنێن بیروڕا گۆڕینەوە. وەك ئەوان بۆ (رووداو)یان باسكردووە، لە رۆژانی دادێ سەركردایەتی پارتی كۆدەبێتەوە و شاندی پارتی وردەكاریی گفتوگۆكانیان دەخەنەڕوو. دواتر بۆچوونی فەرمی و كۆتایی پارتی ئامادە دەكرێت و شاندێك بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ دانوستاندن جارێكی دیكە دێنەوە سلێمانی. پلانی پارتی ئەوەیە كە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و بەر لە ساڵی تازەش حكومەت پێكبهێنرێ.
رووداو
