شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی ھەنگاریا دەکات
عەمید ھەژار عومەر، بەڕێوەبەری ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر بانگھێشتی وەزارەتی بەرگریی ھەنگاریا شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێم سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ وەزیری بەرگری و سوپاسالاری ھەنگاریا و چەندین دامودەزگای سەربازیی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات و سەردانی نەخۆشخانەی سەربازیی ھەنگاریا دەکات، چونکە ھەنگاریا ١٢ برینداری پێشمەرگەی چارەسەر کردووە."
عەمید ھەژار عومەر گوتیشی: "مەبەست لە سەردانەکەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و ھەنگاریایە، چونکە ئەوان بەردەوامن لە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە و لە ھەرێمن و برێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان بۆ پێشمەرگە ناردووە و دەمانەوێت ھەماھەنگی ھەبێت لە نێوان نەخۆشخانەی پێشمەرگە و نەخۆشخانەی سەربازیی ھەنگاریادا، چونکە بڕیارە لە مانگی داھاتوو نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، کە ئەڵمانیا دروستی کردووە."
شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێک ھاتوون لە جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگە، سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری ٦ی پێشمەرگە، لیوا بەختیار، ڕاوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا جەلال لە یەکەی ٧٠ و بەڕێوەبەری ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانیش لە وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار دەبێت."
شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە سەردانەکەیاندا بۆ ھەنگاریا ماوەی چوار ڕۆژ دەمینێنەوە
kdp-
