ئەگەر بەیانی تێبینییەكان لەبەرچاو نەگیران بوودجە دەگەڕێتەوە بۆ حكوومەت
لە بوودجەی گشتیی 2019ی عێراقدا داهاتەكان بە 105 تریلیۆن دینار خەمڵێنراون و خەرجییەكانیش بە 128 تریلیۆن دینار، هەروەها كورتهێنان بە 22 تریلیۆن دینار و بوودجەی بەكاربەر بە 65 تریلیۆن دینار و بوودجەی وەبەرهێنان بە 32 تریلیۆن دینار خەمڵینراوە و پشكی هەرێمی كوردستانیش 12.67% دانراوە، كە دەكاتە هەشت تریلیۆن دینار.
داواكارییەكانی كورد خۆی لە 9 خاڵدا دەبینێتەوە، زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەدا بۆ 17%، دابینكردنی بوودجە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و پێدانی مینحە بە كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و كیمیایی و زیندانیانی سیاسی، دابینكردنی بوودجەی فریاكەوتن، بە تایبەتی بۆ ڕووداوە سروشتییەكان.
ئەحمەد سلێمان، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆی سەفەری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە بۆ بەیانی دواخرا، لەگەڵ ئەوەش وەكو لیژنەی دارایی ئەمڕۆ كۆ بووینەوە و بەیانی لەسەر كەموكورتییەكانی بوودجە لەگەڵ وەفدی حكوومەت كۆ دەبینەوە، ئێمەش وەكو لیژنەی دارایی تێبینی و داواكارییەكانی خۆمان دەخەینە ڕوو، ئەگەر تێبینییەكان لەبەرچاو گیران ئەوە بوودجە دێتە پەرلەمان و قۆناغەكانی یاسایی تێدەپەڕێنێت، بەڵام ئەگەر تێبینییەكان وەرنەگیران ئەوە بوودجە دەگەڕێتەوە بۆ حكوومەت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتیشی: "ئەو بوودجەیەی ئێستا لەبەردەستی ئێمەدایە لە لایەن حكوومەتی عەبادییەوە ئامادە كراوە، ئەوەش نەك بۆ هەرێم بەڵكو زۆربەی پارێزگاكانی عێراق لێ ناڕازینە و پێویستە گوڕانكاریی تێدا بكرێت، پێویستە تێبینیەكان لەبەرچاو بگیرێن، چونكە ئەوە مەرجی پەرلەمانە، بۆ حكوومەت، چونكە دەنگدانی ئێمە لەسەر ئەو حكوومەتە بۆ ئەوە بووە كە گۆڕانكاری لە بوودجەدا بكات، بۆیە ئەگەر گۆڕانكارییەكان كران، ئەوە باشە ئەگەرنا ناكۆكی دەكەوێتە نێوان حكوومەت و پەرلەمانەوە".
kdp-
