باڵیۆزی ئەڵمانیا پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە فوئاد حوسێن کرد
ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە سیریڵ نان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە بەغدا كرد.
لە دیدارەكەدا بەڕێز باڵیۆز پیرۆزباییی لە د. فوئاد حوسێن كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك وەزیری داراییی حكوومەتی تازەی عێراق و هیوای سەركەوتنی بۆ حكوومەت خواست.
جێگری سەرۆكوەزیرانیش سوپاسی باڵیۆزی ئەڵمانیای كرد و دووپاتی لەسەر خواستی عێراق كردەوە بۆ هەبوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ ئەڵمانیا و ئاماژەی بەوە كرد كە حكوومەتی عێراق لە قۆناغی ئایندەدا جەخت لەسەر پێشخستنی كەرتی ئابووری و دابینكردنی خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار دەكاتەوە.
هەر لەم دیدارەدا تیشك خرایە سەر پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات و هەموو ئەو فاكتەرانەی كە دەبنە هۆی پێشكەوتنی ئەم پەیوەندییانە بۆ بەرژەوەندیی هەردوو گەلی برا خرانە ڕوو.
هاوكات هەردوولا باسیان لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق كرد و د. فوئاد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەرنامەی حكوومەتی تازە پشتی بە پێشخستنی كەرتی ئابووری و وەستان لە دژی گەندەڵی بەستووە و و دووپاتیشی كردەوە ئەم كارە بە چەسپاندنی كولتووری قبووڵكردنی گۆڕانگاری و هەبوونی نوێبوونەوە و بە یارمەتی و هاوكاریی دۆستانی عێراق دێتەدی لە ڕێگەی پێشخستنی كادیری عێراقی بە سوودوەرگرتن لە توانا و شارەزاییی ئەڵمانیا لە بواری بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانیاندا، ئەوەیشی خستەڕوو كە حكوومەتی عێراق هەمیشە پاڵپشتیكاری كەرتی تایبەت بووە و هەوڵی داوە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی لە هەموو بوارەكاندا ببینێ، بەتایبەتی لە بواری بانكیدا.
باڵێوزی عێراق لە ئەڵمانیا ئامادەییی وڵاتەكەی و یەكێتیی ئەوروپای بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەت و گەلی عێراق دووپات كردەوە بۆ بنیادنانەوەی دامودەزگاكانی و پتەوتركردنی كایەكانی دیموكراسی
kdp-
