دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک لە وێستگەیەکی کارەبای ھەولێر ڕەت دەکرێتەوە
لەنێو ژمارەیەک لە ھاووڵاتییاندا، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە لەنێو وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبای (ئەحمەد ئیسماعیل)، نەخۆشیی سیل بڵاو بووەتەوە و چەند کەسێک تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و چەند کەسێکیش تا چارەسەر بوون مۆڵەتیان پێ دراوە.
لەمبارەیەوە حەمەئەمین ھەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕايگەیاند: "بە ھەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە کە گوایە چەند کەسێک لە وێستگەیەکی کارەبادا تووشی نەخۆشیی سیل بوو بن".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد کە "لە یەکێک لە وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، کەسێکی بیانی بەھۆی گازی سرووشتییەوە نەخۆش کەوتووە، بەڵام نەخۆشکەوتنەکەی مەترسیدار نییە".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدان بۆ گۆڕینی بەرھەمھێنانی کارەبا لە نەوت و گازوایلەوە بۆ گازی سرووشتی، "ئەمەش زۆر گرنگە، چونکە ژینگە لە پیسبوون دەپارێزێت".
ھەر لەبارەی دەنگۆی بڵاوبوونەوە نەخۆشیی سیل لە وێستگەیەکی کارەبادا پەیوەندی بە سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێرەوە کرد و ناوبراو ڕای گەیاند: ”ئەو دەنگۆیە ھیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە"
باسنيوز
