کۆمەڵی ئیسلامی لەدژی بڕیاری وەزیرێکی یەکێتی ناڕەزایی دەردەبڕێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە یوسف گۆران لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو پۆستە دایە، بڕیاری داخستنی خوێندنی ئیسلامی دەر کردووە.
لە بەرامبەردا ئەمرۆ یەکشەممە ١٨/١١/٢٠١٨، فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ناڕەزایی لەبارەی بڕیارەکە دەربڕیوە و بە ”ستەمێک بۆ سەر دامەزراوە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان“ لێکی داوەتەوە.
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە کە داخستنی ئەم ناوەندانەی خوێندن ”درووستکردنی کۆسپ و لەمپەرە لەبەردەم خوێندنی ئیسلامی و دامەزراوە ئیسلامییەکانی دیکەدا“. بۆیە تەواوی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەت کردووەتەوە.
باسنيوز
