مەسرور بارزانی لەگەڵ کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی کۆ بووەوە

 مەسرور بارزانی لەگەڵ کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی کۆ بووەوە
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی کۆ بووەوە و تاوتوێی رەوشی ئاوارەکان و پێکەوەژیانیان لە هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی راگەیەندراوێک، ئەمڕۆ یەکشەممە 18/11/2018، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە تۆماس گارێت، کۆنگرێسمانی ئەمریکا کردووە.

لە دیدارێکدا، جگە لە تیشک خستنەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە، مەسرور بارانی و تۆماس گارێت تاوتوێی ئازادییە ئایینییەکان و رەوشی ئاوارەکانی لە دەشتی نەینەوایان کردووە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئەو کۆنگرێسمانە ئەمریکییە جەختیان لە زیادکردنی فریاگوزارییەکانی ئەمریکا بۆ ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا کردووەتەوە، کە بەھۆی توندوتیژی و چەوسانەوە، ناوچەکانی خۆیان بەجێھێشتووە و پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆماس گارێت سوپاسی ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانی کردووە لەبەرامبەر حەوانەوە و ئاسانکاریکردن بۆ ئاوارەکان و پەسنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم ئاینەکانی لە ھەرێمی کوردستان کردووە و ئەو فەرھەنگەی بەرز نرخاندووە.

هەر لە دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی و تۆماس گارێت ئاماژەیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە سەلامەتیی و ئاسایشی ئەو خەڵکە لە ناوچەکانی خۆیان گەرەنتی بکرێت.










باسنيوز
Top