سەرکردەیەکی سائیرون رێگاچارەیەکی نوێ دەخاتە بەردەم عەبدولمەهدی

 سەرکردەیەکی سائیرون رێگاچارەیەکی نوێ دەخاتە بەردەم عەبدولمەهدی
سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی سائیرون رێگاچارەیەکی نوێ دەخاتە بەردەم سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18/11/2018، رائید فەهمی، سکرتێری گشتیی حزبی شیوعیی عێراقی و سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی سائیرون، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی خۆش نییە بەشێکی کاندیدەکانی ئەو وەزارەتانەی بەتاڵن، پێشکەشی پەرلەمان بکات.

رائید فەهمی داوا لە عادل عەبدولمەهدی دەکات، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر دیاریکردنی کاندیدەکان بەتایبەت کاندیدی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری رێک نەکەوتن، ئەوا ”ناوی نوێ و بەبێ گەڕانەوە بۆ کوتلە سیاسییەکان“، پێشکەشی پەرلەمان بکات.

هاوپەیمانیی سائیرون لە هاوپەیمانیی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر، حزبی شیوعیی عێراق و چەند حزبێکی دیکەی عێراقی پێک دێت و لە هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانی عێراق، بە 54 کورسی پلەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی بەدەست هێنا.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی، لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.

بڕیارە ئەم هەفتەیە عادل عەبدولمەهدی ناوی شەش کەس بۆ پڕکردنەوەی شەش وەزارەتی بەتاڵی حکوومەتەکەی بداتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا بەهۆی کێشەی لایەنەکان، نەیتوانیوە وەزیری هەردوو وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری، دیاری بکات.











باسنيوز
Top