گۆڕان: یەکێتی پاشگەز بووەتەوە

 گۆڕان: یەکێتی پاشگەز بووەتەوە
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، حزبەکەیان بەهێز دەکەنەوە و نایەڵن یەکێتی ”سوود لە لاوازیی گۆڕان وەربگرێت“. ئەوەشی دووپات کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی کورسی مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا دەکات. هاوکات پاشگەزبوونەوەی یەکێتیشی لە هەوڵێک راگەیاند.

جەبار مەلا ئەمین، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕایگەیاند: ”سەردەمی پەنجا بە پەنجا بەسەر چووە، بەڵام پارتی ئەمجارە بەپێی ڕێژەی کورسی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات و بەھۆی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە، پارتی وەکو جاران حیساب بۆ یەکێتی ناکات“.

ڕوونیشی کردەوە، پێشتر یەکێتی ھەوڵی ئەوەی دەدا کە گۆڕان بەشداری لە حکومەتدا نەکات، بەڵام ”پاشگەزبوونەوە“ و ئێستا خۆیان دەڵێن، بۆ بەشداریکردنی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ”ئێمە ڤیتۆمان لەسەر ھیچ حزبێکی سیاسی نییە“.

بە بڕوای ئەو، یەکێتی بۆیە نایەوێ گۆڕان بەشداری لە حکوومەتدا بکات، چونکە ”گۆڕان بە ڕکابەری خۆی دەزانێت و دەیەوێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کێرڤی جەماوەری دانەبەزێت، بەڵام ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیار بدات بە ئاراستەی بەشداریکردنی گۆڕان لە حکوومەت، ئەوا بەشداری دەکەین“.

جەبار مەلا ئەمین، باسی لەوەش کرد، گۆڕان لێژنەیەکی کارای پێکھێناوە بۆ بەخۆداچوونەوە و چارەسەرکردنی کەمەکوڕییەکان، چونکە ”ئەگەر ئێمە لاواز بین، بێگومان ئەو لایەنەی ڕکابەریمان دەکات، سوود لە لاوازیی گۆڕان دابینێت، بەڵام ئێستاش بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو حزبەیە کە خەڵکی ئەم وڵاتە ئومێدێکی زۆری لەسەر ھەڵچنیووە، بۆیە خۆمان بەھێز دەکەینەوە و ناھێڵێن یەکێتی سوود لە لاوازیی گۆڕان ببینێت“.













باسنیوز
Top