لە ھەولێر بکوژی ئافرەتێکی نیپاڵی دەستگیر کرا
موقەدەم فەخرەدین نووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنکاوە بە (کوردستان 24)ی ڕاگەیاندووە: "ڕۆژی سێشەممەی ھەفتەی ڕابردوو 13/11/2018 ئافرەتێکی نیپاڵی لە (گەنجان ستی) ھەولێر کوژرا و بکوژەکەی دەستگیر کراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا تاوانبار دانی بە تاوانەکەدا ناوە، لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەگەڵ بکوژەکە دەکرێت".
گوتیشی: "ئافرەتە نیپاڵییەکە لە ماڵی سەرمایەدارێکی بەغدادی لە عەنکاوە کاری کردووە، بکوژەکە بەناوی پارە وەرگرتنی کارەبا دەچێتە ئەو ماڵە، دواتر کە ئافرەتەکە ھاوار دەکات و زانیویەتی ئاشکرا دەبێت، ئافرەتەکەی کوشتووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنکاوە باسی لەوەش کرد: "بکوژەکە سەربازە لە سوپای عێراق و ماوەی پێنج ساڵە نیشتەجێی ھەولێرە، بە دەمانچە ئافرەتەکەی کوشتیووە".
موقەدەم فەخرەدین نووری ئاماژەی بەوەش دا، کە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ بکوژەکە دەکەن، بۆ ئەوەی بزانین لە ڕابردوودا چ تاوانێکی دیکەی ئەنجام داوە، یان نا.
باسنيوز
