موسەنا ئەمین: دەبێ بەرپرسانی کورد لە بەغدا خەونی نەتەوەیی خۆیان لەبیر نەکەن
دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، بەردەوام لەنێو چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بووە و لە کاتی سووتانی بازاڕی لەنگە و کارەساتی لافاو لە باکووری پارێزگای هەولێر، هەوڵی بەهاناوەچوونی خەڵکی داوە. رۆژی ١٦ی ١٠ی ٢٠١٨، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پەرلەمانیی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی، باسی پێشمەرگە و ئازایەتییەکانی کرد کە پێشتر هیچ بەرپرسێک لەو کۆبوونەوانەدا ناوی پێشمەرگەی نەهێناوە.
چاودێران پێیانوایە کە دەبێت بەرپرسانی کورد لە بەغدا، هاوشێوەی بەشیر حەداد، خەمی سەرەکییان دۆزی نەتەوەکەیان و کێشەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت و کارەکانیشیان لەم چوارچێوەیەدا زۆرتر بخەنە گەڕ.
لەمبارەیەوە د. موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەم سەرکۆمار و ھەم جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی کوردن، ”دەبێ خەمی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان بێت، ھەرچەندە ھێشتا زووە ھەڵیان بسەنگێنین کە کامیان لەو دیدگایەوە کوردستانییە و کامیان عێراقچێتی دەکات؟بەڵام ئەرکی ھەر کەسێکە لە ھەر پۆستێکدا بێت، شانازی بە کوردستانیبوونی خۆی بکات و خەونی کوردستانییانەی پێش ھەر خەونێکی دیکە بێت".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕوونی کردەوە: ”ئێمە بەناچاری کراوین بە بەشێک لە جوگرافیای دەوڵەتێکی دیکە، یان شوناسی نیشتمانێکی دیکە، ئەوەش پابەندبوونێکی یاسایی لەسەر ھەر ھاووڵاتییەک دروست دەکات کە لەم وڵاتەدا بژی و دەبێ ڕێزی پێویستییەکانی ھاووڵاتیبوون بگرێت، بەڵام ئەوە بیانوومان ناداتێ کە خەونی نەتەوەیی خۆمان لەبیر بکەین، یان خەونی نەتەوەیی و سەربەخۆیی لەبیر بکەین".
باسنیوز
