ھاوپەیمانیی نیشتمانی دوو بارەگای نوێ دەکاتەوە , بارەگاکانی سەردەمی بەرھەم بەکارناھێنن
عوسمان گوڵپی، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نیشتمانی ڕاگەیاند، ھاوپەیمانی بڕیاری داوە ھیچ بارەگایەکی سەردەمی بەرهەم ساڵحی سەرۆکی پێشووی حزبەکە بەکار نەھێنێت، ”لە ھیچ بارەگایەکی پێشوو کاری سیاسیی خۆمان ناکەین“.
عوسمان گوڵپی هەروەها رایگەیاند، ”لە ئایندەیەکی نزیکدا“، ھاوپەیمانیی نیشتمانی دوو بارەگا لە هەردوو شاری ھەولێر و سلێمانی دەکاتەوە.
لەبارەی دامەزراندنی کەناڵێکی ئاسمانییەوە، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نیشتمانی ئاماژەی بەوەدا، جگە لە ماڵپەڕی فەرمی، ھاوپەیمانی ھیچ دەزگایەکی دیکەی ڕاگەیاندنی نییە، ”جارێ قسەمان لەسەر دامەزراندنی ھیچ کەناڵێکی لۆکاڵی و ئاسمانی نەکردووە“.
ڕۆژی 9/11/2018، ھاوپەیمانی کۆبوونەوەی گشتی لە ھەولێر ئەنجام دا و ناوی حزبەکەی لە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی گۆڕی و بە دەنگی 244 ئەندامی کۆبوونەوەکە، ئارام قادر، وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی ھەڵبژێردرا.
باسنیوز
