عەبدولڕەحمان ئاپۆ: پەیەدە بە دەستگیركردنمان ناتوانێت بیروڕامان بگۆڕێت
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، ئەو سەركردەیەیە كە ١٢/٧/٢٠١٧ لە لایەن پەیەدەوە دەستگیر كرابوو و دوێنێیش ئازاد كرا، لەم بارەیەیشەوە تایبهت بۆ ماڵپهڕى فهرمیى پارتى دیموكراتى كوردستان دوا و گوتی: "بیانووی دەستگیركردنم دەربارەی پرسی عەفرین بوو كە لەسەر تیڤی قسەم كردبوو".
ئاپۆ گوتیشی: "من تەنیا لە زیندانێكدا نەمامەوە و ئاساییش چەندین لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كردم و گواستیانمەوە بۆ چەندین زیندان لە چەندین شوێنی جیاواز، وەك حەلەب و شەهبا و چەند جارێكیش ڕادەستی دەزگایەكی رژێمی سووریا بە ناوی ئاساییشی وڵات (ئەمن دەولە) كرام".
ئەو سەركردەیە، هەروەها دەشڵێ: "زیاتر لە سێ مانگ لە زیندانی تاكەكەسیدا بووم و زۆر ئەشكەنجە درام و چەندین مانگ نە ماڵباتەكەم و نە هاوڕێیان و نە پارتەكەیشم نەیانزانی من مردوومە یاخود ماوم".
بە گوتەی عەبدولڕەحمان ئاپۆ، ئەم بڕیار و كردەوانەی پەیەدە زۆر هەڵەن و دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە.
دوێنێ، سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا دەربارەی ئازادكردنی عەبدولڕەحمان ئاپۆ ڕایگەیاند: "بە ئازادبوونی عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا لە زیندانەكانی پەیەدە، زۆر خۆشحاڵ بووم. لە ڕاستیدا جێگەی خەباتكاری وەك ئەو دەبووایە زیندانەكانی دوژمن بووایە نەك زیندانی لایەنێكی كوردی".
لەبارەی پەیامەكەی سەرۆك بارزانییەوە، ئاپۆ گوتی: "من هەمیشە لەسەر ڕێبازی كوردایەتی بوومە و بەردەوامیش دەبم، لەسەر ئەو ڕێبازەیش چەندین جار زیندانی كراوم، پەیەدەیش دەتوانێت دەستگیرمان بكات، بەڵام ناتوانێت بیروڕامان بگۆڕێت".
لە رۆژئاوای كوردستاندا، كە پەیەدە بەڕێوەی دەبات، بە دەیان لایەنگری ئەنەكەسە دەستگیر كراون، هەروەها زیاتر لە ١٠ سەركردەیش لە زینداندان و چەندین كەسی دیكەیش بۆ دەرەوەی وڵات دەركراون.
kdp-
