گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە: ڕووسیا خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا پتەوتر بكات
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ماریا زەخارۆڤە، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕووسیا ڕایگەیاند، پەیوەندییەكی لەمێژینە و بەهێزیان لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەیە.
زەخارۆڤە، ئاماژەی بە دیداری حەفتەی ڕابردووی نێوان میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هۆشیار سیوەلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە كرد. كە لەو دیدارەدا باس لە بارودوخی ئێستای ناوچەكە و دواپێشهاتەكان كرا و، تیشك خرایە سەر پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوانیان.
گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، هەروەها باسی لە بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كرد كە بە ئازادانە و دیموكراسیانە خەڵكی هەرێمی كوردستان نوێنەری خۆیان هەڵبژاردووە و گوتی: "چاوەڕێ دەكەین كە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێبكەن، كە زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێناوە.
ئەو گوتەبێژە، جەختیشی لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەهێزی حكوومەتەكەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند: "داواكارین پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانیان یەك بخەن بو پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزی نوێ و، هیوادارین ئەو حكوومەتە لەگەڵ حكوومەتی نوێی فیدارڵدا بكەونە گفتوگۆ بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
هیوایشی خواست پارتە سیاسییەكان پێكەوەكاركردن بكەنە ئامانجی سەرەكییان لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقدا.
kdp-
