عیرفان کەرکووکی: یەک ملیۆن دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک داگیر کراوە

عیرفان کەرکووکی: یەک ملیۆن دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک داگیر کراوە
ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک ھەموو ئاسانکارییەک بۆ عەرەبە ھاوردەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات بۆ ئەوەی تەنیا ماڵەکانیان بگوازنەوە بۆ ناو شاری کەرکووک. سەرکردەیەکی تورکمانیش دەڵێ، لە ناو سەنتەری شاری کەرکووک زەویی کورد و تورکمان بەسەر ھاوردەکاندا دابەش دەکرێت.



عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەنگاوەکانی عەرەباندنی کەرکووک زۆر خێراتر بووە و لە ھەموو لایەکەوە لە لایەن پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکەوە عەرەبی شۆڤێنی ھاوردەی کەرکووک دەکرێت، ئەو زەوییانەشی ئێستا بەسەر شۆڤێنییەکاندا دابەش دەکرێت لە ناو شاری کەرکووک ھەمووی مڵکی کورد، یان تورکمانە، ئەوەش سەرپێچییەکی گەورەی یاساییە لە لایەن پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکەوە دەکرێت، لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمڕۆش بەردەوام ھاووڵاتیی عەرەب لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ھاوردەی کەرکووک دەکرێت و پڕۆسەی تەعریب بەردەوامە."



سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "گەورەترین مەترسی بۆ سەر کەرکووک و پاشەڕۆژی پارێزگای کەرکووک ئەوەیە ئیدارەی ئێستای کەرکووک فۆڕمی خۆراکی ئەو ھاووڵاتییانەش دەگوازێتەوە بۆ کەرکووک کە بە تەعریب دێنە کەرکووک، چونکە بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق نابێ بە ھیچ شێوەیەک فۆڕمی خۆراکی ھیچ کەسێک بگوازرێتەوە بۆ کەرکووک تا ئەوکاتەی چارەنووسی شارەکە یەکلا دەبێتەوە."

کەرکووکی ئاشکرای کرد: "لە لایەن پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و ئیدارەی شارەکەوە زۆر ئاسانکاری بۆ تەعریبچییەکان دەکرێت ھەر لە گواستنەوەی ماڵەکانیانەوە بۆ کەرکووک، تا ئاسانکاریی خوێندن بۆ قوتابییەکانیان و گواستنەوەی بەڵگەنامەکانیان بۆ سەر کەرکووک، ئەمە پڕۆسەیەکی سیاسیی پیلان‌بۆدارێژراوە لە ناوچە داگیرکراوەکان بەڕێوە دەچێت."

عیرفان کەرکووکی دەڵێت: "یەک ملیۆن دۆنەم زەویی کورد و تورکمان لە ناوچەکانی داقووق و یایچی و تلکەلان و ناوچەکانی دیکە داگیر کراوە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس ئەو زەوییانە لە جووتیارانی کورد و تورکمان وەرگیراون و داگیر کراون، ئێستاشی لەگەڵدابیت زەوییە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان نەگەڕاوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە پێویست بوو لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقدا کێشەی زەوییە داگیرکراوەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان."
kdp-
Top