بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وەڵامی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەداتەوە
ڕۆژی پێنجشەممە 15/11/2018، لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە ئاستێکی باڵادا کەسانی تۆمەتبار دەپارێزن و ڕادەستی پۆلیسی هەولێری ناکەن. لە بەرامبەریشدا عەمید ئاسۆ شێخ تەھا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی پرێس کۆنفرانسێکی ئەنجام دا و ڕای گەیاند کە ئەگەر نووسراو ئاراستەی پۆلیسی سلێمانی بکرێت، تۆمەتبارەکانیان ڕادەست دەکەن و باسی لەوە کرد کە هیچ نووسراوێکیان لەمبارەیەوە ئاراستە نەکراوە.
لەمبارەیەشەوە ئەمڕۆ شەممە ١٧ی ١١ی ٢٠١٨، لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، لە لێدوانێکیدا، ڕەتی کردەوە نووسراویان ئاراستەی پۆلیسی سلێمانی نەکردبێت و جەختی کردەوە کە ”ھەموو بەڵگەکانم بە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و لیوا ناسڕ، لە ئاسایشی سلێمانی داوە“.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە دووری نەزانی کە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بەهۆی ئەوەی تازەیە و نووسراوەکانیان لە کاتی بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی سلێمانی ئاراستە کردوون، ئەم بابەتی نووسراو کردن یان نووسراو نەکردنە هاتووەتە ئاراوە.
عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕوونی کردەوە: ”لە ڕووداوێکدا چەند کەسێک لە شاری ھەولێر کوژران و تاوانبارانیش ھەڵاتن و لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا داڵدە دراون، ھەرچەندە ئێمە چەندین جار ئەوانمان ئاگادار کردووەتەوە کە بە پێی ماددەی ١٠٦ لە دادگا، ئەو تاوانبارانە داواکراون و پێویستە ڕادەست بکرێن، بەڵام ڕادەست نەکران“.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە شوێن و جێگای تاوانبارانمان پێدان و پێمان گوتن کە لە فڵان شوێنن، ھەروەھا پێویست دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەو کەسانە ڕادەستی دادگا بکرێن، تەنانەت لاریشمان لەوە نەبوو کە تاوانبارەکان ڕادەستی دادگای سلێمانی بکرێن، بەڵام ئەوان بەھیچ شێوەیەک ھاوکار نەبوون و ئەو تاوانبارانەیان داڵدە داوە“.
عەبدولخالق تەڵعەت ئەو قسانەی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو، تاوانبار لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر هەڵاتوون و ئاشکرای کرد: ”بەھیچ شێوەیەک نە ئاسایش و نە پۆلیسی سلێمانی ئێمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە، یان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە منەوە نەکردووە کە بڵێن لەوێ تاوانبارێک ھەیە و ڕادەستی بکەن، ئێمەش داواکارییەکەیانمان ڕەت کردبێتەوە، بۆیە ئەگەر شتێکی وا ھەبێت، ئەوا من ھەموو بەرپرسیارێتییەک لە ئەستۆ دەگرم“.
باسنیوز
