مەلا بەختیار کۆبوونەوەکانی یەکێتی بایکۆت دەکا و حزبەکەشی پشتگوێی دەخات
پاش ئەوەی لە ٢ی ١٠ی ٢٠١٨، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕێگەی چەند هەوڵێکی نهێنیی شاندی دانوستانکاری یەکێتی لە بەغدا و ڕێککەوتن و دواتر پەشیمانبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی کە ئەوکاتە بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لەو شارە بوون، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بەرهەم ساڵح مسۆگەرکرا، لە بەرامبەریشدا بەرهەم ساڵح وازی لەو حزبە هێنا کە پێشتر دایمەزراندبوو و هاوشێوەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بانگەشەی گەندەڵی و ناعەدەلەتی و خراپییەکانی یەکێتی دەکرد. بەو هۆیەشەوە مەلا بەختیار کە یەکێک بوو لە کاندیدەکانی یەکێتی بۆ سەرۆک کۆمار، خەونی گەیشتن بەو پۆستەی لە دەست دا و بە تووڕەیی لە بابەتەکە کشایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتووە، لەو ساتەوەی مەلا بەختیار لە یەکێتی تووڕە بووە، تاوەکوو ئێستا بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی یەکێتیدا نەکردووە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی ئەمجارە لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو حزبەکە نیگەرانە، چونکە پێیوایە ئەو باڵ و گرووپە هۆکارن بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح.
پێشترژمارەیەک بەرپرسی باڵای یەکێتی داوایان لە مەلا بەختیار کردووە، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی بکات، بەتایبەتیش ئەو کۆبوونەوانەی پەیوەندییان بە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە، بەڵام مەلا بەختیار هەموو داواکارییەکانی ڕەت کردووەتەوە و ئامادە نەبووە لەو کۆبوونەوانەدا بەشداری بکات.
لەمبارەیەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: ”بەڵێ ڕاستە مەلا بەختیار لە یەکێتی نیگەرانە و خۆشی نیگەرانییەکانی نەشاردووەتەوە“
ئەوەشی نەشاردەوە کە ”دەمێکە مەلا بەختیار بەشداری لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەکردووە“. بەڵام نیگەرانییەکانی مەلا بەختیار تەنھا لەناو یەکێتی خۆی دەبینێتەوە. گوتیشی: ”تەمەنا دەکەم مەلا بەختیار وەک جاران بگەڕێتەوە ناو یەکێتی و بەشداریی کۆبوونەوەکانیش بکات“.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دووپاتی کردەوە: ”مەلا بەختیار وازی نەھێناوە و یەکێتی ھیچی بەرانبەر نەکردووە، بێگومان کەسێکی تێکۆشەرە و جێدەستی دیارە و یەکێکە لەو تێکۆشەرانەی لەناو یەکێتی ماندووە“.
باسنیوز
