شۆڕش حاجی: پارتی پێی باشە گۆڕان بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەت بکات
لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا کە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەیان ئەنجام درا، شۆڕش حاجی، گوتەبێژی فەرمیی گۆڕان ڕای گەیاند، یەکەمین کۆبوونەوەیان ئەرێنی بووە و کۆبوونەوەی دیکەشی بەدوادا دێت. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”پارتی پێی باشە گۆڕان بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات“.
لەبارەی خۆیەکلاکردنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت، شۆڕش حاجی جەختی کردەوە: ”بڕیاری گۆڕان لای جڤاتی نیشتمانییە و ئێمە تێبینییەکان و وەڵامی خۆشمان لە جڤات باس دەکەین و بڕیاری کۆتایی لەوێیە“.
هاوکات مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی ڕوونی کردەوە: ”ئێمە هاتووین ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردن بە خەڵکمان داوە، ئەو هەوڵانەی داومانە تاوەکوو سەقامگیری لە کوردستان درووست بێت، بهێنینە دی“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە هەموو لایەنەکان بە بەرپرسیارێتییەوە باس لەوە دەکەن، ”دەبێ لەم قۆناغەدا پێکەوە بین“. گوتیشی: ”ئێمە و برایانی یەکێتی و گۆڕانیش ئەو هەستەیان هەیە و پێویستیمان بەوەیە پێکەوە بین، تاوەکوو لەو چوار ساڵەی داهاتوودا هەوڵ بدەین پێکەوە کوردستان بگەینە قۆناغێک ویستی هەموو لایەکمان بێت“.
