بەرەی تورکمانی: بە مەرجێک ئامادەین کێشەی کەرکووک چارەسەر بکەین

 بەرەی تورکمانی: بە مەرجێک ئامادەین کێشەی کەرکووک چارەسەر بکەین
بەرەی تورکمانیی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە بە مەرجێک ئامادەن بەشداریی گفتوگۆکانی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بکات.

ئەمڕۆ شەممە 17/11/2018، حەسەن تۆران، سەرکردەی بەرەی تورکمانیی عێراقی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاندووە، حزبەکەی داوا لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات گرنگیی بە بەشداریکردنی تورکمان لە حکوومەتی نوێی عێراق، بدەن.

حەسەن تۆران هەروەها رایگەیاند، ئەگەر گرگیی بە رۆڵی تورکمان لە حکوومەتی نوێی عێراق بدرێ و مافەکانیان پێشێل نەکرێ، ئەوا بەرەی تورکمانی ئامادەیە بەشداریی گفتوگۆ و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکات.

پێشتر ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی رایگەیاندبوو، کە کورد کێشەی لەگەڵ بەشداریکردنی تورکمان لە حکوومەتی نوێی عێراق نییە، بەڵام لایەنە شیعە و سوننەکان ئامادە نین نوێنەری تورکمان قبوڵ ناکەن.

بەپێی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، دەبوایە حکوومەتی ئەو وڵاتە بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکاتەوە و راپرسییەک لەو ناوچانە بکرێ، کە ئایا خەڵکەکەی دەیەوێ بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان یان سەر بە عێراق بێت؟ بەڵام حکوومەتەکانی عێراق هیچ گرنگییەکیان بەو ماددەیەی دەستوور نەداوە و پێشێلیان کردووە.











باسنيوز
Top