لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک ئەمریکا سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەکا

 لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک ئەمریکا سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەکا
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد و لە گفتوگۆیەکدا چەند تەوەرێک تاوتوێ کران کە یەکێک لەو تەوەرانە، باسکردن بوو لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستان. بۆ ئەمەش شاندەکە سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بازرانی، ئەمڕۆ شەممە 17/11/2018 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەندرێ پییك، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كردووە.

لە دیدارێکدا، جگە لە تاوتوێکردنی رەوشی سیاسیی و ئەمنیی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، سەرۆک بارزانی و ئەندرێ پییک تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان کردووە و پیک سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی کوردستانی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆریی نەوتی كوردستان، کردووە.

هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی و شاندە ئەمریکییەکە باسی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتەیان کردووە و بە دەرفەتێکی نوێیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتری هەولێر و بەغدا، کردووە و هیوایان خواستووە ئەو دەرفەتە تازەیە گرفتی بۆ دروست نەكرێت.










باسنيوز
Top