گوتەبێژی پارتی: دەمانەوێ چوار ساڵی داهاتوو سەقامگیریی سیاسی بەرقەرار بێت
لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا کە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی هەردوو حزب بەڕێوە چوو، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی ڕای گەیاند: ”ئێمە و یەکێتی دەمانەوێ پێکەوە ڕوئیایەکی هاوبەش لەسەر ئەوە درووست بکەین کە ئەم حکوومەتە چۆن درووست ببێت. لە ٤ ساڵی داهاتوودا کوردستان سەقامگیریی سیاسی تێدا بەرقەرار بێت و ببێتە هۆی گەشەکردنی ئابووری و بوووژاندنەوەی ژیانی خەڵک“.
ڕوونیشی کردەوە کە هەر کاتێک سەقامگیری و ئاسایش بەرقەرار بوو و لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت توانییان حکومڕانییەکی درووست لە سەرانسەری کوردستان بکەن، ئەوا وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەوە هاوکار دەبن بۆ بووژاندنەوەی کوردستان.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەپێی کۆبوونەوەکەیان، ”بۆچوونەکانمان زۆر لێک نزیکە و لە یەک دوو کۆبوونەوەی داهاتوو کۆتایی بەم بابەتە دێنین“. جەختیشی کردەوە کە هەر ئەمڕۆ دەچنە لای بزووتنەوەی گۆڕان و دواتر سەردانی ئەو لایەنانەش دەکەن کە خواستی بەشداریکردنیان لە حکوومەت هەیە، تەنیا ئەو لایەنانە نەبێت کە خۆیان بڕیاریان داوە ببن بە ئۆپۆزسیۆن.
لەلایەن خۆیەوە سەعدی پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی لە پرێس کۆنفرانسەکەدا ڕای گەیاند: ”لە کۆبوونەوەکەمان جەختمان کردەوە کە خەڵکی دەنگیان بۆ سەقامگیری و بژێوی و ژیانێکی ئابووریی باش و باشکردنی گوزەرانی خەڵک داوە. بۆیە جەختمان کردەوە کە چۆن بتوانین سوود لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرین“.
بە گوتەی پیرە، یەکێتی ڤیتۆ و هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێک نییە و ”هەموو ئەوانەی ئامادەن لەگەڵ پارتی و یەکێتی بەشداری لە حکوومەت بکەن، پێشوازییان لێ دەکەین. ئەوانەشی دەبنە ئۆپۆزسیۆن، هیوادارین کارەکەیان فەرقی هەبێت لەگەڵ دوژمنداری. ئۆپۆزسیۆن بۆ گفتوگۆ و بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەرنامەیە. حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەساسی گونجاندنی بەرنامەی لایەنە سیاسییەکان پێک دەهێندرێت“.
باسنيوز
