پارتی: لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ناچینە ژێر فشارەکانی یەکێتی
بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ فشار دەکاتە سەر پارتی، تاوەکوو لە کابینەی نوێی حکوومەت، پۆستی زیاتری لە شایستەیی خۆی پێ بدرێت.
لە بەرامبەردا فازڵ بەشارەتی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە بەڵگەیەکی زۆر بەهێزمان بەدەستەوەیە، ئەویش ڕای گەلە و هەر کەسێک سەرپێچیی ئەوە بکات، ئەوا پێموایە نایەوێت بێتە ژێر باری بڕیارەکانی خەڵکی کوردستانەوە کە لە هەڵبژاردندا هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر حزبەکان خستووەتە ڕوو“.
ئەندامەکەی خولی سێیەمی پەرلەمان جەختی کردەوە: ”ئەو فشارانەی یەکێتی دروستی کردووە، پارتی زۆر لەو قۆناغانەی بڕیوە و فشاری دەوڵەتەکانی دەوروبەری قەبووڵ نەکردووە، بۆیە هیوادارم یەکێتی بە زمانی مەنتیق قسە بکات نەک بە زمانی هەڕەشە و فشار و کۆمەڵێ بابەت، چونکە یەکێتی خۆی دەزانێت و ئێمەش دەزانین کە هەڕەشە و کارتی فشارەکانی، مەودایان زۆر کورتە و ناگاتە ئەو شوێنەی کە ئەو مەبەستیەتی“.
بەشارەتی دووپاتی کردەوە کە پارتی ناچێتە ژێر فشارەکانی یەکێتی و “لە ڕابردووشدا موراعاتی دۆخە سیاسییەکەمان کردووە، بەو هەڵوێستە نەتەوەی و نیشتمانییەی هەمان بووە ویستوومانە ناو ماڵی کورد یەکبخەین، بەڵام ئێستا حاڵەتێک هاتووەتە پێشەوە کە پێویستە هەموو لایەک پێیەوە پابەند بین، یەکێتیش دەبێ بە پێی قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت”.
پێشتر بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە لە سەر بنەمای کورسی مامەڵە لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن.
باسنیوز
