ژمارەیەك پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعش ڕەوانەی ھەنگاریا كران

	 ژمارەیەك پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعش ڕەوانەی ھەنگاریا كران
وەزارەتی پێشمەرگە، بە ھاوكاریی ھاوپەیمانان بەردەوامە لە چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و، رۆژانی رابردوویش كاروانێكی دیكەی پێشمەرگە بریندارەكان كە لە ١٢ پێشمەرگە پێك ھاتبوون، بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی سەربازیی ھەنگاریا كران.

عەمید ڕوكن ھەژار عومەر، بەرپرسی ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "وەزارەتی پێشمەرگە ھەموو ھەوڵێك بۆ چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی داعش دەدات، ھەم لەناو ھەرێمی كوردستان و ھەمیش لە نەخۆشخانەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەیش كاروانێكی دیكەی بریندارانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش پێش چەند رۆژێك رەوانەی وڵاتی ھەنگاریا كراون بۆ چارەسەركردن و، ئێستا گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی سەربازیی ئەو وڵاتە و چارەسەر وەردەگرن، ئەمە كاروانی سێیەمی پێشمەرگە بریندارەكانە ڕەوانەی وڵاتی ھەنگاریا دەكرێن، بەڵام ھێشتا زۆرن ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی پێویستیان بە چارەسەركردن ھەیە".

وڵاتی ئەڵمانیا، دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی ھاوچەرخی لە شارەدێی بەحركەی نزیك شاری ھەولێر وەك دیاری بەخشییە ھەرێمی كوردستان و نەخۆشخانەكە تایبەت دەبێت بە چارسەركردنی پێشمەرگە، بەرپرسی ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگەیش دەڵێت: "باری دارایی ھەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر رەوشی چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكان ھەبوو، ئێستا ھەم رەوشی دارایی حكوومەت بەرەو باشتر دەچێت و ھەمیش لە ناوەڕاستی مانگی دابێت نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە ھەولێر تەواو دەبێت بۆ چارەسەركردنی پێشمەرگە قارەمانەكان، لە داھاتوویشدا ئەو نەخۆشخانەیە خزمەتی تەندروستی پێشكەش بە ھێزەكانی پێشمەرگە دەكات".

لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، ١٠ ھەزار و ٢٦٣ پێشمەرگە بریندار بوونە و زیاتر لە ھەزار لەو بریندارانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی وڵاتانی دەرەوە كراون، عەمید ھەژار ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەردەوام دەبین لە رەوانەكردنی پێشمەرگە بۆ نەخۆشخانەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، چونكە ئەركی حكوومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەیە چی پێویستە بۆ چارەسەركردنی پێشمەرگە كەمتەرخەمی نەكات، ھەتا لە چوارچێوەی پڕۆژە چاكسازییەكەی وەزارەتدا ھاتووە كە دەبێت رەوشی پێشمەرگە لە ھەموو روویەكەوە باش بكرێت و ئێستا ئێمە كاری بۆ دەكەین جێبەجێ بكرێت".
kdp-
Top