لیوا عەبدولخالق: مۆڵەتی چەكهەڵگرتن قەدەغە كراوە.. كۆمەڵێك تۆمه‌تبار هەڵاتوون بۆ سلێمانی

	 لیوا عەبدولخالق: مۆڵەتی چەكهەڵگرتن قەدەغە كراوە.. كۆمەڵێك تۆمه‌تبار هەڵاتوون بۆ سلێمانی
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایدەگەیێنێت، چەندین تۆمەتبار لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمنیی سلێمانییەوە داڵدە دراون، داوایشیان كردوون و رادەستیان ناكەنەوە. ئاماژەیشی دا كە ئەو ئارامییەی لە هەولێر هەیە، بە هۆی كاركردنی ئاساییش و پۆلیسە بە یەك ئاڕاستە، كە ئەوە لە هیچ شارێكی دیكەدا نییە.

لە میانەی كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا، لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بۆ مێدیاكان رایگەیاند: "كۆمەڵێك كەس تاوانیان لە شاری هەولێر ئەنجام داوە و هەڵاتوون و لە سلێمانی لای بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنیی ئەو شارە داڵدە دراون، شوێنیشیانمان دەستنیشان كردوون و لەگەڵ ئاساییشی گشتیی سلێمانی قسەمان كردووە، داوایشمان لێیان كردوون رادەستمان بكەنەوە، بەڵام ئامادە نەبوون ئەو تۆمەتبارانەمان رادەست بكەنەوە".

لیوا عەبدولخالق، بە پێویستیشی زانی كە هەماهەنگییان لەگەڵ دامودەزگاكانی ئاساییشی سلێمانی هەبێت، هەر لە میانەی كۆنفڕانسەكەیشدا داوای لە بەرپرسانی ئەمنیی شاری سلێمانی كرد، ئەو تۆمەتبارانەی كە داڵدەیان داون، رادەستیان بكەنەوە.

سەبارەت بە دیاردەی چەك، ناوبراو جەختی كردەوە، كە نابێت كەس چەكی پێ بێت، هاوكات رەتیشی كردەوە، ئەو كوشتن و ئاژاوانەی لە هەولێردا روو دەدەن، هۆكارەكە كەمتەرخەمیی دەزگا ئەمنییەكان بێت، نموونەیشی بەوە هێنایەوە، زۆربەی كێشەكان لە ماڵان یا ناو ئوتۆمبێل یا ئاهەنگەكان روویان داوە، "مەبەست لە تاوان لەسەر سەرچۆپی شەڕ دەكرێت، ئەوە پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەكانەوە نییە، یا كەسێك كە دەڕواتەوە ماڵەوە و كوڕی خۆی دەكوژێت، مانای كەمتەرخەمیی دەزگا ئەمنییەكان نییە".

ئارامیی شار و شەونخوونیی هێزە ئەمنییەكانی شاری هەولێری سەبارەت بە ئارامیی شارەكەی، بە نموونەی بوونی دەیان هەزار دۆلار و یۆرۆ و دراوی دیكە لەسەر شەقامەكان و ناوبازاڕەكان هێنایەوە، كە دیاردەی رفاندن و دزینیان نییە و تاوانكارییشی بە ئاستی هۆشیاریی تاكەكانەوە بەستەوە، رەتیشی كردەوە تاوانی گەورە لە شاری هەولێر بوونی هەبێت گوتیشی: "وەكو دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر، ئاساییش و پۆلیس، بە یەك ئاڕاستە كار دەكەین، رەنگە لە شارەكانی دیكە ئەو شێوە كاركردنە نەبێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، ئەو پێشنیازە ئاشكرای كرد، كە كاتی خۆی داویانەتە حكوومەتی هەرێم سەبارەت بە نەهێشتنی چەك، ئەویش بە كڕینەوەی ئەو چەكانەی لە ماڵاندا هەن لە لایەن حكوومەتەوە، هۆكاری سەرنەگرتنی ئەو پڕۆژە پێشنیازەیشی بۆ قەیرانی دارایی و هاتنی شەڕی داعش گێڕایەوە، كە ئەو پڕۆژەیەی پەك خستووە، گوتیشی: "لە داهاتوودا هەوڵ دەدرێت ئەو چەكانە بكڕدرێنەوە، هیوادارین لە كابینەی داهاتوودا گەر بەشێكیشی لە لایەن سەرۆكوەزیرانەوە جێبەجێ بكرێت، ئەوا لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، هەروەها مۆڵەتی چەكهەڵگرتنیش بە یەكجاری قەدەغە كراوە".

kdp-
Top