عارف ڕووشدی: كاندیدمان نێچیرڤان بارزانییە.. حەفتەی دابێ پارتی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات
عارف ڕووشدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھیچ ھۆكارێك نییە بۆ ئەوەی تا ئێستا گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ دەستی پێ نەكردووە، بۆیە حەفتەی دابێ پارتی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، لەبەر ئەوەی بڕیار لەناو پارتی دەستەجەمعییە و شاندی خۆی دیاری دەكات بۆ سەردانیكردنی لایەنەكان و گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ دەست پێدەكات".
ڕووشدی گوتیشی: "شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كە كاندیدەكەی بۆ سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانییە، ھەر خۆیشی سەردانی لایەنەكان دەكات و ئەوەی گرینگە بەرنامەی حكوومەتە و لەگەڵ لایەنەكان لەسەر بەرنامەكە رێك بكەون و ھەمووانیش پێكەوە كار بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەت بكەن دوور لە مەرامی حیزبی و پێكەوە بتوانن ئەو شتانەی خەڵك گلەییان لێ ھەیە، راستی بكەنەوە".
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد، پارتی سەردانی ھەموو لایەنەكان دەكات و ئەوەی لەگەڵ بەرنامەی حكوومەت بگونجێت، دەتوانێ بەشداری بكات، بۆیە ئەوەی بەشداری دەكات، پێویستە پابەندی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەت بێت.
kdp-
