تورکمانەکان داوای پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی حکوومەت دەکەن

 تورکمانەکان داوای پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی حکوومەت دەکەن
پەرلەمانتارێکی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، کە ئەوان سوورن لەسەر داواکاریی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری دووەمی سەرۆکی حکوومەت.

محەمەد سەعدەدین، نوێنەری تورکمانەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەگەر جێگری دووەم بۆ سەرۆکی حکوومەت دابنرێت، ئەوا داوا دەکەین یەکێک لە جێگرەکانمان پێ بدرێت، ھەروەھا داوای پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیشمان کردووە، چونکە دەمانەوێ تورکمانیش وەک پێکھاتە بەشداری لە ئەزموونی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا بکات".

ئەو نوێنەرەی تورکمانەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم، پلانی ئیدارەکەی لە دەست دەبێت، تا ئێستاش بە ئەرێنی سەیری ئەم داواکارییە دەکات، بەڵام تا ئێستا ئێمە بە فەرمی داوامان نەکردووە و ڕێککەوتنێک نەکراوە".

ڕوونیشی کردەوە، کە ھەموو فراکسیۆنە تورکمانییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە پۆستی یەکێک لە جێگرەکانیان پێ بدرێت.

لە ماوەکانی پێشوودا و لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا، دوای ئەوە فراکسیۆنە تورکمانییەکان داوای پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، جگە لە پارتی و ھاوپەیمانەکانی کە پشتگیریان کردن، ھەریەکە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆڕان و لایەنەکانی دیکەی دژایەتی خۆیان بەرامبەر ئەو داوکارییەی تورکمانەکان دەربڕی.










باسنیوز
Top