کەناڵێکی عەرەبی فرۆشتنی گۆشتی گوێدرێژ لە سلێمانی ئاشکرا دەکات

 کەناڵێکی عەرەبی فرۆشتنی گۆشتی گوێدرێژ لە سلێمانی ئاشکرا دەکات
کەناڵێکی عەرەبیی عێراقی، ڕاپۆرتێک لەبارەی فرۆشتنی گۆشتی گوێدرێژ لە شاری سلێمانی بڵاو دەکاتەوە و بەرپرسانی شارەکەش لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوە دەدەن.

لە ڕاپۆرتێکدا کەناڵی (ئیتیجاه)ی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە، کرداری سەربڕینی گوێدرێژ لە قەسابخانە و شوێنەکانی فرۆشتنی گۆشت لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەشی، قایمقامیەت لێژنەی درووستکردووە.

هاوکات لەو ڕاپۆرتەدا گۆران قادر، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەردەکەوێت کە بۆ کەناڵەکە قسە دەکات و ئەوە ئاشکرا دەکات، پاش ئەوەی زانیارییان لەبارەی سەربڕینی گوێدرێژ و فرۆشتنی گۆشتەکەی دەست کەوتووە، بەدواداچوونیان کردووە و دواتر لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش لەمبارەیەوە کەوتوونەتە جموجۆڵ.

گۆران قادر، سەرۆکی لێژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی وردەکارییەکەی ڕوون کردەوە و ڕای گەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لە کەناڵە عەرەبییەکان لێدوانی سەبارەت بە کاری لێژنە ھاوبەشەکان بە گشتی و ھەبوون و فرۆشتنی گۆشتی گوێدرێژ بەتایبەتی، لێوەرگرتوون، بەڵام ”قسەکانی ئێمەیان شێواندووە و لەکاتی مونتاژکردنەکەدا لە چەند شوێنێک بڕیویانە، ئەمەش بۆ مەبەستێکی دیاریکراو".

هاووڵاتییانیشی لەوە ئاگادار کردەوە کە گوایە ”ئەو ڕاپۆرتەی لە کەناڵێکی عەرەبی بڵاو کراوەتەوە، شێواندنێکی ئاشکرای تێدایە، بە وێنە شوێنێک پیشانی بینەران دەدرێت کە ئەو شوێنە لە شاری سلێمانی نییە، بە ڕوونی ئەوە دەردەکەو‌ێت کە یەکێک لە وڵاتانی ئەفریقیا بێت، کارمەندەکانی ئەو شوێنە دشداشەیان لەبەردایە و ڕەنگی پێستیان ڕەشە".

بە گوتەی گۆران قادر، فرۆشتنی گۆشتی گوێدرێژ ”لەناو شاری سلێمانیدا“ بوونی نییە، بگرە ”ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا گوتراوە، ھەڵەیەکی ئاشکرایە و مەبەست لێی کەمکردنەوەی ھەوڵ و ماندووبوونی لێژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانییە".











باسنيوز
Top