گۆڕان: یەکێتی ١٠٪ی زەوییەکانی سلێمانی لەسەر خۆی تاپۆ کردووە
غالب محەمە، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕايگەیاند، یەکێتی ئەوەندەی کاری بۆ بەرژەوەندیی حزبی کردووە، ئەوەندە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەشاری سلێمانی نەکردووە، ھەرچەندە یەکێتی ٢٧ ساڵە دەسەڵاتی ئەم شارەی بەدەستەوەیە، دەبووایە یەکێتی زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەم شارە بکردایە، چونکە تاکە شوێنێک کاتی خۆی بەدەستی یەکێتی بووبێت، پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام بەداخەوە داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆ نەخراوەتە خزمەتی هاووڵاتییانی شارەکە“.
ڕوونیشی کردەوە، تاوەکوو ئێستا دەسەڵاتی لامەرکەزی جێبەجێ نەکراوە و پارێزگار دەسەڵاتی ئەوەی نییە فەرمانبەرێک بگوازێتەوە، ”ئیتر دەسەڵاتی پارێزگار چۆن ئاوا دەبێت؟ بەڵام یەکێتی خۆی نایەوێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری سلێمانی جێبەجێ بکات“.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان پرسیاری ئەوە دەکات کە ئاخۆ بۆچی یەکێتی شەڕ لەسەر فیفتی بە فیفتی و پۆستەکانی خۆی لە حکوومەت دەکات، بەڵام شەڕ لەسەر ئەوە ناکات کە شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری بۆ سلێمانی درووست بکرێت؟.
غالب محەمەد نەیشاردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی پێگەی خۆی لە حکوومەت، بەشێک لە داهاتی نەوت بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەرخان دەکات.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: ”یەکێتی زۆربەی زەوییەکانی بە دیاری بە وەبەرھێنەرەکان داوە، لەکاتێکدا ناکرێ یەکێتی زەوی بەبێ بەرامبەر بە وەبەرھێنەرێک بدات و خانووی سەقەت درووست بکات، دواجار خەڵکی شارەکە ھیچ سوودمەند نەبێت لەو خانووانەی کە درووست کراون“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ”١٠٪ی زەوییەکانی سلێمانی لەسەر ئیدارەی گشتیی یەکێتی تاپۆ کراون، تەنانەت زۆربەی بینا حکومییەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس، لەسەر بەرپرسێکی یەکێتی یان ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون“.
باسنيوز
