گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت بە شێوەیەکی بێدەنگ بەڕێوە دەچن
لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرچەندە هیچ سەردان و کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەئارادا نەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی نهێنی و لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی، گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان لایەنەکان، بەردەوام بووە.
ئەگەر هەیە پارتی بیەوێت بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر موزایەدە و ئاستەنگێک، سەرەتا بە شێوەی نهێنی لەگەڵ لایەنەکان ئەنجامێکی دەست بکەوێت، ئینجا سەردانی ئەو لایەنانە بکات.
لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە، عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند، ئەوان لە چاوەڕوانی شاندی پارتی دان و ”پارتی وەکوو حزبی یەکەم، حکوومەت پێکدەھێنێت، دواجار دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکەوێتە ڕێککەوتنی پارتی و لایەنەکان“.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی باسی لەوە کرد کە ”بەبێ یەکێتی قورسە حکوومەت پێکبھێندرێت“ و ناکۆکیی پارتی و یەکێتی بە زیان بۆ میللەت لێکدایەوە و ڕای گەیاند: ”ئەگەر پەیوەندیی پارتی و یەکێتی تێکبچێت، میللەتی کورد زەرەر دەکات“.
پێشتر خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕايگەیاندبوو کە بزووتنەوەکەیان دەرگای بەڕووی هیچ حزبێکدا دانەخراوە و ”بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، پێشوازی لە شاندی پارتی دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین بەرچاوڕوونی و پێشنیاری ئەوان چییە؟“.
باسنيوز
